1 کاتژمێر پێش ئێستا
113 جار خوێنراوەتەوە
ئـیسرائیل بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1967ـەوە مزگەوتی ئەقسای بەڕووى نوێژخوێناندا داخست
پەیام
لەژێر گەمارۆی قەوارەی زایۆنیدا؛ فەڵەستینییەكان دوایین هەینیی ڕەمەزانیان لە نزیك ئەقسا بەڕێ كرد.
سەدان هاووڵاتی فەلەستینی، نوێژی چوارەم و دوایین هەینی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانیان لە گەڕەك و كۆڵانەكانی دەوروبەری مزگەوتی ئەقسا ئەنجام دا، ئەمەش دوای ئەوەی قەوارەی زایۆنی بۆ 14هەمین ڕۆژی لەسەریەك دەرگاكانی مزگەوتەكەی بە تەواوی داخست.
بەپێی ڕاگەیەندراوی پارێزگای قودس، نوێژخوێنان لە نزیكترین خاڵەكانی مزگەوتی ئەقسا، لەوانە "باب ئەلساهیرە"، گەڕەكی "باب ئەلعەموود" و مزگەوتی "محەمەد ئەلفاتیح" لە ناوچەی سێلوان كۆبوونەتەوە و نوێژیان كردووە.
هاوكات هێزەكانی قەوارەی زایۆنی بە چڕی بڵاوەیان پێكرا و بە بەربەستی ئاسنین ڕێگەكانی گەیشتن بە مزگەوتەكەیان گەمارۆ دا، ئەوەش بە بیانووی "باری نائاسایی شەڕ و ڕێنماییەكانی بەرەی ناوخۆ".
بەپێی گرتە ڤیدیۆییەكان، هێزەكانی قەوارەی زایۆنی لە دەروازەی "باب ئەلساهیرە" گەمارۆی فەلەستینییەكانیان داوە و ڕێگرییان لە ئەنجامدانی نوێژی تەراویحیش لە شەوی ڕابردوودا كردووە. چالاكوانیش نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەربڕیوە و پێیان وایە قەوارەی زایۆنی بارودۆخی شەڕی ئێران دەقۆزێتەوە بۆ سەپاندنی واقیعێكی نوێ بەسەر مزگەوتی ئەقسادا، بە شێوەیەك كە بۆ یەكەمجارە لە مێژووی نوێدا دەنگی نوێژی هەینی و تەراویح لەو مزگەوتەدا نابیسترێت.
ئەم هەینییە بووە دووەم هەینی لەسەریەك كە موسڵمانان لە دوای ساڵی 1967ـەوە تێیدا بێبەش دەكرێن لە ئەنجامدانی نوێژی هەینی و نوێژە فەرزەكانی دیكە لە ناو مزگەوتی ئەقسادا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە