2 کاتژمێر پێش ئێستا
52 جار خوێنراوەتەوە
پەرلەمانى عێراق تاوتوێى هەناردەكردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە دەکات
پەیام
تایبەت بە دۆسیەی ڕاگیرانی هەناردەكردنەوەی نەوت و هەوڵدان بۆ دەستپێكردنەوەی لە ڕێی بۆری نەوتی بەندەری جیهانەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق میوانداریی وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری سامانە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستان دەكات.
لە ڕاگەیەنراوێكدا، سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: ڕۆژی سێشەممە كاتژمێر نۆی شەو دانشتنێكی تایبەت بۆ میواندارییكردنی جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان ڕێك دەخات.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، لە دانیشتنەكەدا هەر یەك لە بریكارانی وەزارەتی نەوت بۆ كاروباری دەرهێنان و دابەشكردن، هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ئامادە دەبن، ئامانجی سەرەكیی كۆبوونەوەكەش تاوتوێكردنی میكانیزمی هەناردەكردنەوەی نەوتە لە ڕێگەی بۆرییەكانی بەندەری جەیهانی توركیاوە.
ئەم كۆبوونەوە لە كاتێكدایە كە بەهۆی داخرانی گەرووی هورمز هەناردەی نەوتی عێراق ڕاگیراوە و عێراق هەوڵ دەدات جێگرەوەیەك بۆ ساخكردنەوەی نەوتەكەی و پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە داراییە ڕاگیرانی نەوت دروستی كردووە، بدۆزێتەوە، هاوكات لەگەڵ ئەوەش هەرێمی كوردستانیش هەناردەی نەوتی كێڵگەكانی خۆی لە سەرەتای جەنگی سەر ئێرانەوە ڕاگرتووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە