2 کاتژمێر پێش ئێستا
40 جار خوێنراوەتەوە
بلومبێرگ: ئەورووپییەكان پێیانوایە تڕەمپ لە پرسی لەناوبردنی تواناكانی ئێران زیادەڕەوی دەكات
پەیام
سەركردە ئەورووپییەكان بۆ ئاشكراكردنی ئامانجی كۆتایی جەنگی دژ بە ئێران فشار دەخەنە سەر دۆناڵد تڕەمپ، لە كاتێكدا نرخی نەوت 100 دۆلاری تێپەڕاندووە.
ئاژانسی "بلومبێرگ"ی ئەمریكی ئاشكرای كردووە كە سەركردەكانی وڵاتانی ئەورووپا، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی كۆمەڵەی"حەوت"دا، گوشاری توندیان خستووەتە سەر دۆناڵد تڕەمپ بۆ روونكردنەوەی ستراتیژیی كۆتاییهێنان بەو جەنگەی كە سێ هەفتەیە بەردەوامە.
ئەم فشارانە لە كاتێكدایە كە پەككەوتنی گەرووی هورمز و بەرزبوونەوەی نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ سەروو 100 دۆلار، مەترسییەكی گەورەی لەسەر ئابووریی جیهان دروست كردووە، بەڵام تڕەمپ تەنیا بەوە وەڵامی داونەتەوە كە"ئامانجی فرەچەشن"ی هەیە و خوازیارە جەنگەكە بەمزووانە كۆتایی بێت.
بلومبێرگ ئەوەشی بڵاو كردوەتەوە، بەرپرسانی ئەورووپی پێیان وایە گوتاری واشنۆتن دەربارەی"لەناوبردنی تواناكانی ئێران"جۆرێك لە زیادەڕەوی تێدایە؛
ئەوان پێیان وایە گەورەكردنەوەی دەستكەوتە مەیدانییەكان تەنیا زەمینەسازییەكی سیاسییە بۆ ئەوەی لە رۆژانی داهاتوودا واشنتن كۆتایی جەنگ و"سەركەوتن"رابگەیەنێت، تاوەكو لە جەنگێكی درێژخایەنی پڕتێچوو دەربازی ببێت.
لە لایەكی دیكەوە، ئەم ململانێیە كە لە 28ی شوباتەوە بە هێرشی هاوبەشی قەوارەی زایۆنی و ئەمریكا بۆ سەر ئێران دەستی پێكردووە، قوربانییەكی زۆری لێكەوتووەتەوە كە دیارترینیان كوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵا و چەندین بەرپرسی ئەمنیی دیكەیە.
لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، ئێران بەرژەوەندییەكانی ئەمریكای لە چەند وڵاتێكی عەرەبیدا كردووەتە ئامانج، كە بووەتە هۆی كوژران و برینداربوونی چەندین كەس و زیانگەیاندن بە دامەزراوە مەدەنییەكان، لەوانە فڕۆكەخانە و بەندەرەكان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە