2 کاتژمێر پێش ئێستا
57 جار خوێنراوەتەوە
ئیسپانیا هێزەكانی لە ناوەڕاستی عێراقەوە بۆ شوێنێكی ئارامتر دەگوازێتەوە
پەیام
بەهۆی هێرشە درۆنییەكانەوە، ئیسپانیا بڕیاری دا هێزە تایبەتەكانی لە بنكەی سەربازیی (بەسمایە) لە خاكی عێراق بكێشێتەوە و بیانگوازێتەوە بۆ شوێنێكی ئارامتر.
وەك هەنگاوێك بەرانبەر بەو مەترسییانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، حكومەتی مەدرید بەپەلە دەستی بە پرۆسەی گواستنەوەی ئەو سەربازانە كردووە كە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ناوەڕاستی عێراق جێگیر كرابوون.
وەزارەتی بەرگریی ئیسپانیا ڕایگەیاندووە، ئەم بڕیارەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی داوە، هەروەها بەشێكە لە دووبارە بڵاوكردنەوە و جێگیركردنی هێزەكانیان لە سنوورەكە بەهۆی پەرەسەندنە خێراكان و تێكچوونی دۆخی ئەمنییەوە.
حكومەتی ئیسپانیا ئەوەی ئاشكرای نەكردووە، هێزەكانیان بۆ چ ناوچەیەك ناردووە و پرۆسەكە چەند دەخایەنێت، بەڵام میدیاكانی ئەو وڵاتە ئاشكرایان كردووە نزیكەی 300 ئەفسەر و سەربازی ئیسپانی لە عێراقن و پێشبینییش دەكرێت لە مانگی شەشی ئەمساڵەوە جەنراڵێكی ئیسپانی ببێتە بەرپرسی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق.
لەسەرەتای جەنگی سەر ئێرانەوە، ئیسپانیا دژایەتیی خۆی بۆ هەنگاوەكەی ئەمریكا و قەوارەی زایۆنی ڕاگەیاند و جەنگەكەشی بە تێكدانی دۆخ و نایاسایی ناو برد.
هەفتەی ڕابردوو ئیسپانیا باڵیۆزەكەی خۆی لە قەوارەی زایۆنی بە تەواوەتی كشاندەوە، پێشتریش ڕێگەی نەدا ئەمریكا، بنكە سەربازییەكانی ئیسپانیا بۆ هێرشكردنە سەر ئێران بەكار بهێنێت، ئەمەش نیگەرانی و توڕەیی دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەكەی بەدوادا هاتووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە