3 کاتژمێر پێش ئێستا
113 جار خوێنراوەتەوە
کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات کرا
ئیمارات بە هۆی هێرشکردنە سەر وڵاتەکەی لە خاکی عێراقەوە، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتەی بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کرد.
بە پێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات، بە هۆی بە ئامانجگرتنی وڵاتەکەیان و وڵاتانی کەنداو بە ڕێگەی ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانەی کە لە خاکی عێراقەوە ئاراستە کراون، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەبوزەبی عومەر عەبدولمەجید حەمید عوبێدی بانگهێشتی وەزارەتەکە کراوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، "سەرەڕای بڕیاری ئاگربەست، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە خاکی عێراقەوە هەندێک لە دامەزراوە گرنگەکانی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو بە ئامانج دەگرن. ئەو کردەوەیە کە پێشێلی سەروەری و کایەی ئاسمانی وڵاتەکان دەکات لە هەمان کاتدا یاساکانی نێودەوڵەتیش ژێر پێ دەخات".
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئەو کردەوانە هەڕەشەیەکە بۆ سەر سەقامگیری ناوچەکە و هەوڵەکانی نێودەوڵەتی بۆ ئاسایشی و ئارامی لاواز دەکات.
ئیمارات داواشی لە حکوومەتی عێراق کردووە کە هەموو ئەو هێرشانەی لە خاکی عێراقەوە وڵاتەکەی دەکەنە ئامانج دەستبەجێ ڕابگرێت و ڕێکاری پێویست بۆ پێشگرتن لەو کردەوانە بگرێتە بەر.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە