3 کاتژمێر پێش ئێستا
126 جار خوێنراوەتەوە
عهلی زهیدی؛ كاندید ڕاستهقینه، یان مانۆڕی سیاسیی مالیكی و سودانی
دواجار و دواى تەواوبوونی ماوەى یاسایی بۆ دیاریکردنى کاندیدێک بۆ پۆستى سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ لایەنە شیعییەکان ناوێکى غەریبیان لە گۆڕەپانی سیاسی بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران کاندید کرد، بەشێک لە خوێندنەوە سیاسییەکانیش پێیان وایە کاندیدی لایەنە شیعییەکان مانۆڕێکى سیاسییە و هیچ کاندیدێکى ڕاستەقینە ڕانەسپێدراوە.
عەلى زەیدی، وەک کاندیدی لایەنە شیعییەکان بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران و پێکهێنانى حکوومەت ڕاسپێدراوە، کاندیدکردنى زەیدی بە ڕێکەوتنی هەریەکە لە نوری مالیکی و محەمەد شیاع سودانی بووە، بەڵام هێشتا پێنج لایەنی سیاسى نێو چوارچێوەى هەماهەنگى دژى کاندیدکردنى زەیدین و پێیان وایە کەسایەتییەکی سیاسى بەهێز نیە کە بتوانێت لەناو پەرلەماندا متمانەى پێ بدرێت، بەڵام هەریەکە لە مالیکی و سودانى کە دوو جەمسەری گرینگی شیعەکانن پشتیوانی دەکەن.
عەلى زەیدی، لەناو گۆڕەپانی سیاسى عێراقدا بوونى نەبووە و ناوێکى غەریبە، بەڵام لە بوارى بازرگانیدا؛ خاوەنى چەندین دامەزراوەی دارایی و بانکییە و چەندین ڕێکەوتنی ئابوری لەگەڵ حکومەتى عێراقدا هەیە، بەڵام چاودێرانی سیاسى پێیان وایە ناسمانە ئابورییەکەى هۆکار نیە بۆ کاندیدکردنى؛ بەڵکو وەک مانۆڕێکى سیاسى لەلایەن نووری مالیکی و سودانییەوە بۆ وەرگرتنی کاتى زیاتر وە کاندید ڕاگەیەنراوە و لە پشتەوە سوورن لەسەر ئەوەی کە ناتوانێت حکومەت پێکبهێنێت یاخود گەر حکومەتیشی پێکهێنا، سەرۆکوەزیرانێکى لاواز دەبێت و خۆیان دەوڵەتى قووڵى عێراق دەبن.
چاودێرانی سیاسى دەڵێن، جگە لە مالیکی و سودانی کە کاندیدى بەهێز بوون بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران چەندین ناوی دیکە هەبوون کە کەسایەتی سیاسی بەهێز بوون و وەک کاندیدى سازان ناویان دەهێنرا، بەڵام هیچ ئەگەرێک نەبووە بۆ کاندید کردنى عەلى زەیدی، لەکاتێکدا دواى تەواوبوونی ماوەی یاسایی وەک کاندید ناوی ڕاگەیەنرا، ئەوەش چەندین خوێندنەوەى جیاواز دێنێتە دروست دەکات کە بریتین لەوەی زەیدی یان کاندیدی راستەقینە نیە، یاخود سەرۆکوەزیرانێکى لاوازە و دەوڵەتى قووڵى عێراق بڕیاردەری سەرەکییە.
چاودێرانی سیاسى پێیان وایە، پێ دەچێت یەکێک لە هۆکارەکانى کاندیدکردنى عەلى زەیدی ئەوەیە کە کەسایەتییەکى لاوازی سیاسییە و ئەگەر لە داهاتووشدا حکومەتى پێکهێنا نابێتە مەترسی بۆسەر پێگەى سیاسى سەرکردەکانى ئێستاى چوارچێوەى هەماهەنگى، کە بوونی ئەو مەترسییە هۆکارى سەرەکی بوو بۆ کێبڕکێى توندى مالیکی و سودانی و ڕازی نەبوونیان بە یەکتر.
لەگەڵ ئەوەشدا، خوێندنەوەى سیاسى ئەوەش هەیە کە چوارچێوەى هەماهەنگى وەک مانۆڕى سیاسى و بەهۆکارى وەرگرتنی کاتى زیاتر بۆ دیاریکردنى کاندیدى ڕاستەقینە؛ عەلى زەیدییان کاندیدکردووە، چونکە ئەگەری بەهێز ئەوەیە کە پێدەچێت بەهۆى ناکۆکی توندی نێو چوارچێوەى هەماهەنگى لەسەر کاندیدکردنى و نەبوونی هیچ ئەزموونێکی سیاسیی؛ ناتوانێت لەناو کێشە و ناکۆکییە قووڵەکانی عێراقدا حکومەت بەڕێوە ببات و ئیدارەی ئەو هەموو ناکۆکییە بدات، یاخود هەرچەندە تا ئێستا ئەمریکا بێدەنگە؛ بەڵام ئەگەری هەیە بەهۆی ڤیتۆى ئەمریکاوە لە کاندیدبوون دوور بخرێتەوە، ئەوەش کاتى زیاتر بە لایەنە شیعییەکان دەدات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە