2 کاتژمێر پێش ئێستا
10 جار خوێنراوەتەوە
عەراقچی: قەیرانە سیاسییەکان بە ڕێگەی سەربازی چارەسەر ناکرێن
وەزیرى دەرەوەى ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا و دەڵێت چارەسەری سەربازی بۆ تەنگژەی گەرووی هورمز بوونی نییە. هاوکات جەخت لە بەرەوپێشچوونى دانوستانەکان دەکاتەوە. قالیبافیش دەڵێت، بەمزوانە کۆتایی بە شەڕەنگێزییەکانی ئەمریکا لە گەرووەکە دەهێنرێت.
عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکی نوێدا لەبارەی ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز ڕایگەیاند، ڕووداوەکان دەیسەلمێنن قەیرانە سیاسییەکان بە ڕێگەی سەربازی چارەسەر ناکرێن.
عەراقچی ئاماژەی پێ کردووە کە ئێستا گفتوگۆکان بە نێوەندگیری و هەوڵە بەردەوامەکانی وڵاتی پاکستان بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆوە بینیوە، بەڵام مەترسی هێشتا ماوە.
هۆشدارییەکی توندیشی ئاڕاستەی هەریەکە لە ئەمریکا و ئیمارات کرد و داوای لێکردن وریابن لەوەی جارێکی دیکە لەلایەن "لایەنە خراپخوازەکانەوە" پەڵکێشی ناو زۆنگاوێکی نوێ نەکرێنەوە.
لای خۆیەوە محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هۆشدارییەکی توند ئاڕاستەی ئەمریکا دەکات و دەڵێت بارودۆخی ئێستای ناوچەکە بۆ واشنتۆن جێگیر و بەردەوام نابێت.
قالیباف ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی تۆمەتبار کرد بەوەی لە ڕێگەی پێشێلکردنی ئاگربەست و سەپاندنی گەمارۆوە، ئاسایشی دەریاییان شێواندووە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە توانای ئەمریکا بۆ بەرگەگرتنی ئەم دۆخە سنووردارە، لە کاتێکدا کە ئێران هێشتا بە تەواوی دەستی بە هەنگاوە پراکتیکییەکانی نەکردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە