2 کاتژمێر پێش ئێستا
22 جار خوێنراوەتەوە
ئێران ههڕهشه له ئیمارات دهكات
تاران هۆشداری توند دەداتە ئیمارات کە هەر هەنگاوێکی "ناژیرانە" بەرژەوەندییەکانی دەکاتە ئامانج، ئیسرائیلش لەگەڵ ڕاگەیاندنی باری نائاسایى، چاوەڕوانی گڵۆپی سەوزی ئەمریکایە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران دەکات.
سەرچاوەیەکی سەربازی ئێرانی لە ڕێگەی ئاژانسی "تەسنیم" ـەوە هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی دەوڵەتی ئیمارات کرد و ڕایگەیاند، لە ئەگەری هەر هەنگاوێکی "ناژیرانە"، سەرجەم بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە دەبنە ئامانجی هێرشەکانیان.
سەرچاوەکە دۆخی ئیماراتی بە "مانەوە لە ماڵێکی شووشەیی ناسک" وەسف کرد و جەختی کردەوە تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکە هەڕەشەیەکی کوشندەیە بۆ سەر بوونی ئەو وڵاتە.
لە لایەکی دیکەوە دەستەی پەخشی ئیسرائیلی ئاشکرای کرد کە بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەی کەنداو و هێرشە مووشەکییەکانی سەر ئیمارات، سوپای ئیسرائیل باری نائاسایی و ئامادەباشی تەواوی ڕاگەیاندووە.
سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئەمنی باڵا بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە ئەنجام دراون.
هاوکات، پەیامەکان باس لەوە دەکەن کە فڕۆکەی سەربازی زیاتری ئەمریکا، لە نێویاندا فڕۆکەی تایبەت بە تێکردنی سووتەمەنی لە ئاسماندا، گەیشتوونەتە ئیسرائیل، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئامادەکاری بۆ ئەگەری پێکدادانێکی فراوانتر.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە