1 کاتژمێر پێش ئێستا
51 جار خوێنراوەتەوە
پوتین: سەربازەكانمان ڕووبەڕووی هێزێك دەبنەوە كە ناتۆ پشتیوانیی دەكات
پەیام
سەرۆكی ڕووسیا ڕایگەیاند، هێزەكانی وڵاتەكەی لە ئۆكرانیا ڕووبەڕووی هێزێكی دەستدرێژكار دەبێتەوە كە هاوپەیمانیی ناتۆ پشتیوانی دەكات و مۆسكۆیش چەكی نوێ لەسەر بنەمای ئەزموونی جەنگەكە پەرە پێ دەدات.
ئەمڕۆ لە میانی یادكردنەوەی "ڕۆژی سەركەوتن"ی وڵاتەكەدا، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی ڕووسیا، ڕایگەیاند: سەربازانی ڕووسیا لە ئۆكرانیا ڕووبەڕووی هێزێكی دوژمنكار دەبنەوە كە سەرجەم ئەندامانی هاوپەیمانی "ناتۆ" پشتیوانی لێ دەكەن.
پوتین جەختی كردەوە كە وڵاتەكەی بۆ پەرەپێدان و دروستكردنی نەوەیەكی نوێ لە چەكە پێشكەوتووەكان سوود لە ئەزموونە مەیدانییەكانی ئێستا وەردەگرێت.
سەرۆكی ڕووسیا ئاماژەی بە مێژووی جەنگی جیهانیی دووەم كرد و وتی: سەربازی ڕووس قوربانی گەورەی داوە بۆ پاراستنی شكۆ و ئازادی گەلانی ئەورووپا.
ڕایشیگەیاند: گەلی ڕووسیا خاوەنی ئیرادەیەكی بەهێزە و دەتوانێت بەسەر هەموو ناخۆشی و ئاڵنگارییەكاندا سەر بكەوێت.
ڕووسیا ساڵانە لە نۆی ئایاردا یادی ڕۆژی سەركەوتن دەكاتەوە، كە یەكێكە لە گرنگترین یادە نیشتمانییەكانی ڕووسیا، وەك زیندووكردنەوەی یادی سەركەوتنی یەكێتیی سۆڤیەتی جاران بەسەر ئەڵمانیای نازی لە جەنگی جیهانی دووەم لە ساڵی 1945دا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە