1 کاتژمێر پێش ئێستا
112 جار خوێنراوەتەوە
ئیسرائیل: فەرماندەیەکی سەربازیمان لە کەرتی غەززە بە ئامانج گرت
پەیام
سوپای ئیسرائیل لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە کەرتی غەززە، محەمەد عۆدە، فەرماندەی نوێی کەتیبەکانی قەسامی کردە ئامانج، کە بە یەکێک لە ئەندازیارانی هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر دادەنرێت.
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاشکرایان کرد کە سوپای وڵاتەکەیان هێرشێکی چەکداریی لە کەرتی غەززە ئەنجامداوە. لە هێرشەکەدا محەمەد عۆدە کراوەتە ئامانج، کە لە بەیاننامەکەدا وەک فەرماندەی نوێی کەتیبەکانی عزەدین قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس ناسێنراوە.
ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکە ئاماژەی پێ کردووە کە هێرشەکە بە ڕێنمایی ڕاستەوخۆی نەتانیاهۆ و کاتس جێبەجێ کراوە. عۆدە کە پێشتر سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی حەماس بووە لە کاتی هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، بە یەکێک لە داڕێژەر و ئەندازیارانی سەرەکی ئەو هێرشە دادەنرێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە تا ئێستا کەتیبەکانی قەسام هیچ ڕوونکردنەوە یان بەیاننامەیەکی فەرمییان لەمبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
هاوکات، دەستەی پەخشی گشتیی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێکی وڵاتەکەیەوە کوژرانی محەمەد عۆدەی پشتڕاستکردووەتەوە. لە لایەکی دیکەوە، کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە ڕایگەیاندووە کە پرۆسەی تیرۆرکردنی فەرماندە نوێیەکەی قەسام "بە سەرکەوتوویی" کۆتایی هاتووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە