1 کاتژمێر پێش ئێستا
82 جار خوێنراوەتەوە
ئهمریكا.. كهسێك شهش ئهندامی خێزانهكهی خۆی كوشت
پۆلیسی ویلایەتی ئایوای ئەمریکا ڕایگەیاند، پیاوێکی تەمەن ٥٢ ساڵ لە ئەنجامی ناکۆکییەکی خێزانیدا شەش کەس لە ئەندامانی خێزانەکەی خۆی کوشتووە و پاشان لە کاتی ڕاوەدوونانیدا لەلایەن پۆلیسەوە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمی پۆلیسی شاری موسکاتین لە ڕۆژهەڵاتی ویلایەتی ئایوا، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە کە ڕووداوەکە بەهۆی ناکۆکییەکی قووڵی خێزانییەوە بووە. هێزەکانی پۆلیس دوای پێگەیشتنی زانیاری و تەلەفۆنی فریاکەوتن، چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و تەرمی چوار لە قوربانییەکانیان لەناو ماڵێکدا دۆزیوەتەوە کە بە فیشەک کوژرابوون.
تۆمەتباری سەرەکی ڕووداوەکە ناوی (ڕایان ویلیس ماکفارلاند) ە و تەمەنی ٥٢ ساڵە، کە پێش گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس لە شوێنی یەکەمی ڕووداوەکە هەڵاتبوو، بەڵام پۆلیس توانی ناسنامەکەی ئاشکرا بکات.
ئەنتۆنی کەیس، بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە شوێنی تۆمەتبارەکە دەستنیشان بکەن، بەڵام لە کاتی گفتوگۆکردن و هەوڵی دەستگیرکردنیدا تەقەی لە خۆی کردووە و خۆی کوشتووە.
پۆلیس ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای بەدواداچوونی زیاتر بۆیان دەرکەوتووە کە قوربانی دیکەش هەن، بەو پێیەی تەرمی دوو پیاوی تریش دۆزراونەتەوە کە یەکێکیان لە ماڵێکی هاوسێ و ئەوی تریش لەناو دوکانێکدا کوژراون.
پۆلیس جەختی کردەوە سەرجەم کوژراوەکان ئەندامی خێزانی تۆمەتبارەکەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە