2 کاتژمێر پێش ئێستا
52 جار خوێنراوەتەوە
ئێران: شكستی ئەڵمانیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان بەهۆی سیاسەتە نابەرپرسەكانییەوەیە
پەیام
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت شكستی ئەڵمانیا لە بەدەستهێنانی كورسی ئەنجومەنی ئاسایش، بەهۆی سیاسەتە نابەرپرس و دووفاقییەكانیەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە كاردانەوەیەكدا ڕایگەیاند، كە شكستی ئەڵمانیا لە كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یەكەمجار لە چەند دەیەی ڕابردوودا، نیشانەی ناڕەزایەتی جیهانە بەرامبەر بە هەڵوێستەكانی ئەو وڵاتە بەرامبەر بە گەلی فەلەستین و هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.
بەقایی ئاماژەی بەوە كرد، كە ئەڵمانیا یەكێكە لە گەورەترین دابینكارانی چەك بۆ ئیسرائیل و هەمیشە پاساوی بۆ كوشتارەكانی غەززە هێناوەتەوە.
هەروەها ڕەخنەی توندی گرت، كە لە كاتی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بەرلین لەبری پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەكان، ئەو هێرشەی بە "كارێكی پێویست" وەسف كردووە.
وتەبێژەكەی ئێران جەختی كردەوە، كە جیهان گۆڕاوە و نەتەوەكان ئێستا لەسەر بنەمای كردەوەی وڵاتان دادوەری دەكەن، نەك دروشمەكانیان، بۆیە پشتگوێخستنی ڕاستییەكان تێچووی دیپلۆماسی قورسی بۆ ئەڵمانیا بەدوای خۆیدا هێناوە.
ئەم قسانەی بەقایی لەكاتێكدایە كە ئەڵمانیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شكستی هێنا لە بەدەستهێنانی كورسییەكی ناهەمیشەیی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ساڵی 2027. بەو پێیەی لە كێبڕكێیەكەدا تەنها 104 دەنگی هێنا و لە بەرامبەر پورتوگال و نەمسا شكستی هێنا.
هاوكات وڵاتانی قرغیزستان، ترینیداد و تۆباگۆ، و زیمبابوێ وەك ئەندامی نوێی ئەنجومەنەكە هەڵبژێردران و لە سەرەتای ساڵی 2027 دەستبەكار دەبن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە