2 کاتژمێر پێش ئێستا
155 جار خوێنراوەتەوە
موجتەبا خامنەیی: ئەنجامدانى دانوستاندەکان مانای قبوڵكردنی دیدوبۆچوونی دوژمن نییە
پەیام
ڕێبەری باڵای ئێران، ڕەزامەندیی مەرجداری لەسەر ڕێككەوتنی وڵاتەكەی لەگەڵ ئەمریكا ڕاگەیاند و جەختی كردەوە كە ئەو دانوستاندانەى کە لە داهاتوودا ئەنجامدەدرێن بە مانای قبوڵكردنی دیدوبۆچوونی دوژمن نایەت.
موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران پەیامێكی ئاراستەی گەلی وڵاتەكەی كرد سەبارەت بەو لێكتێگەیشتنەی لەنێوان سەرۆكانی ئێران و ئەمریكا واژۆ كراوە.
خامنەیی ئاشكرای كرد، كە ئەو لە بنەڕەتدا ڕایەكی جیاوازی هەبووە و ڕێگەیەكی دیكەی پێ باشتر بووە، بەڵام لەسەر بنەمای ئەو بەڵێنانەی سەرۆككۆمار و ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی پێیان داوە، ڕەزامەندیی لەسەر جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە نیشانداوە.
ڕێبەری باڵا ئاماژەی بەوە كرد كە بەرپرسانی ئێران بە نیەتێكی پاكەوە هەوڵیان داوە، لە كاتێكدا لایەنی ئەمریكی هەموو جۆرە ئامرازێكی گوشاری بەكارهێناوە.
خامنەیی جەختی كردەوە، كە بەرپرسیارێتی تەواوی پاراستنی مافەكانی گەلی ئێران و بەرەی بەرگری لە ئەستۆی سەرۆككۆمارە و تاران بە هیچ شێوەیەك داواكارییەكی ئەمریكا لە دەرەوەی چوارچێوەی ڕێككەوتنەكە قبوڵ ناكات.
لە كۆتایی پەیامەكەیدا، خامنەیی ڕایگەیاند، كە ئەو و گەلی ئێران چاوەڕێی جێبەجێكردنی وردی مەرجەكان دەكەن.
هەروەها هۆشداری دا كە ئەنجامدانی هەر دانوستانێكی ڕاستەوخۆ لە داهاتوودا، بە مانای قبوڵكردنی دیدوبۆچوونی دوژمن نایەت، بەڵكو هیوای خواست ئەم قۆناغە نوێیە ببێتە مایەی سەركەوتن و دەستكەوتی گەورە بۆ گەلی ئێران.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە