2 کاتژمێر پێش ئێستا
128 جار خوێنراوەتەوە
ئێران بۆ ماوەی 60 ڕۆژ باج لەسەر كەشتییەكان لە گەرووی هورمز هەڵدەگرێت
پەیام
ئێران ڕێكاری نوێی هاتوچۆی لە گەرووی هورمز ڕاگەیاند و بۆ ماوەی 60 ڕۆژ باجی لەسەر كەشتییەكان هەڵگرت.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران وردەكاریی نوێی سەبارەت بە میكانیزمی هاتوچۆی كەشتییەكان لە گەرووی هورمز بڵاو كردەوە، كە لە چوارچێوەی یاداشتی لێكتێگەیشتنی نوێی نێوان تاران و واشنتندایە.
ئەنجوومەنەكە ڕایگەیاند، پێویستە سەرجەم كەشتییەكان پێش چوونە ناو گەرووەكە، داواكاریی فەرمی پێشكەش بە دەستەی بەڕێوەبردنی گەرووی هورمزی بكەن، كە بە ئێرانی ناوی بردووە، ئەمەش بە مەبەستی ڕێكخستنی جوڵەی دەریاوانی بەپێی ڕێكارە پەسەندكراوەكان لەقەڵەمی داوە.
بەپێی ناوەڕۆكی یاداشتنامەكە، بڕیار دراوە بۆ ماوەی 60 ڕۆژ هیچ جۆرە باج و ڕەسمێك لەسەر ئەو كەشتیانە دانەنرێت كە بە گەرووەكەدا تێدەپەڕن، ئەمەش وەك بەشێك لە لێكتێگەیشتنەكانی ڕێككەوتنە نوێیەكە هەژمار دەكرێت.
ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران ئاماژەی بەوەش كردووە كە لە ماوەی ئەو 60 ڕۆژەدا، حكومەتی ئێران تێچووی تێپەڕبوونی كەشتییەكان دەگرێتە ئەستۆ، تاوەكو دڵنیایی بدرێت لە بەردەوامی و ڕێكوپێكی جوڵەی بازرگانی و دەریاوانی لە قۆناغی گواستنەوەی ڕێككەوتنەكەدا.
ئەم بڕیارانە لە كاتێكدایە كە هەردوو وڵات دەیانەوێت لاپەڕەیەكی نوێ لە پەیوەندییەكان هەڵبدەنەوە و ئاسانكاری بۆ بازرگانی جیهانی بكەن لەم ناوچە هەستیارەدا كە بۆ وزەی جیهان بایەخێكی زۆری هەیە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە