3 کاتژمێر پێش ئێستا
165 جار خوێنراوەتەوە
بەرپرسێکى باڵاى ڕوسیا: گەرووی هورمز بووەتە چەكێكی ستراتیژی بەدەستی ئێرانەوە
پەیام
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا دەڵێت گەرووی هورمز بووەتە چەكێكی ستراتیژی بەدەستی ئێرانەوە.
دیمتری میدڤیدیڤ، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا و نێردەی تایبەتی سەرۆك ڕایگەیاند: ئەو یاداشتی لێكتێگەیشنەی لەنێوان ئێران و ئەمریكا واژوو كراوە وەك بنەمای دانوستانی ئایندە دێت، بەڵام بە هۆی بەردەوامبوونی ناكۆكییەكانی نێوانیانەوە، گەیشتنە ڕێككەوتنی كۆتایی لەنێوان ئێران و ئەمریكا زۆر ئاڵۆز دەبێت.
دیمتری میدڤیدیڤ وتیشی: گەرووی هورمز بووەتە چەكێك بە دەستی ئێرانەوە كە گرنگیی لە چەكی ئەتۆمی كەمتر نییە، جگە لەوەش، ئێران چەكێكی یەدەگی دیكەی هەیە كە بریتییە لە گەرووی بابولمەندەب.
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا ئاماژەی بەوەش دا كە هەڵگرتنی سزاكانی سەر ئێران ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە و وتیشی: ئەو هێرشەی ئەمریكا بۆ سەر ئێران ئەنجامی دا هیچ پاساوێكی نەبوو، بەتایبەت كە لە كاتی دانوستاندا بوو، ئەوەش ڕەنگدانەوەی هەرەسهێنانی یاسای نێودەوڵەتییە.
ئەمەو دوێنێ، هەینی دیمتری میدڤیدیڤ، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا بەشداریی لە مەڕاسیمی ماڵاوایی تەرمی ڕێبەری باڵای ئێران كرد و لەگەڵ سەرۆككۆماری ئەو وڵاتەش كۆ بووەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە