1 رۆژ پێش ئێستا
203 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی دارایی عێراق: دەبێت سزادراوان مافەکانی گەنجینەی دەوڵەت بە تەواوى بگەڕێننەوە
پەیام
وەزارەتی دارایی عێراق، ئەمڕۆ 11ى 7ى 2026، لە بەیاننامەیەکدا جەخت لەسەر گەڕاندنەوەی تەواوی مافەکانی گەنجینەی دەوڵەت دەکاتەوە و دەڵێت "هەر میکانیزمێک پێویستە گەرەنتی وەرگرتنەوەی تەواوی مافەکانی گەنجینە بکات".
راشیگەیاندووە: ئاماژە بەو بەیاننامەیەی کە دوێنێ لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە دەرکرا، جەخت دەکەینەوە کە رۆڵی وەزارەتەکەمان لەو دۆسیانەی پەیوەندییان بە گەڕاندنەوەی ئەو پارانەوە هەیە کە لە کەیسەکانی گەندەڵییەوە بەدەستهاتوون، تەنها لە لایەنە داراییەکان و گەڕاندنەوەی مافەکانی گەنجینەی گشتیدا کورت دەبێتەوە.
ئەوەشى خستووەتەڕوو: هەر میکانیزمێک بۆ دانەوەی ئەو بڕە پارانەی کە لە ئەستۆی سزادراواندایە، پێویستە گەرەنتی وەرگرتنەوەی تەواوی مافەکانی گەنجینەی گشتی بکات، و پابەندکەر و جێبەجێکراو بێت، بە شێوازێک کە سامانی گشتی و مافەکانی دەوڵەت بپارێزێت.
لەبارەى بڕیاردان لەسەر لێخۆشبوونی سزادراوانی گەندەڵی، وەزارەتی دارایی ئەو بابەتە بۆ ئەنجوومەنی دادوەری جێدەهێڵێت و دەڵێت "ئەمە لە تایبەتمەندییە تەنها و حەسرییەکانی دەسەڵاتی دادوەرییە".
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە