1 کاتژمێر پێش ئێستا
132 جار خوێنراوەتەوە
لە وەڵامى چەند هێرشێکدا ئێران بنكە سەربازییەكانی ئەمریكای لە ناوچەکە بۆردومان كرد
پەیام
لە وەڵامى چەند هێرشێکى دیکەى ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەى، ئێران زنجیرەیەك هێرشی درۆنی بۆ سەر بنكەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە ئەنجام دا و سوپای ئێران دەڵێت ئەو هێرشانە بۆ پەكخستنی تواناكانی ئەمریكا بووە لە ناوچەكەدا.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا سێنتكۆم لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە: بۆ سێزدەیەمین شەوی لەسەریەك، هێرشی سەربازییان كردووەتە سەر چەند ئامانجێك لە ناوخۆی ئێران.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، ئەو ئۆپەراسیۆنانە بە ئامانجی كەمكردنەوەی هەڕەشەكانی تاران بۆ سەر كەشتیوانیی بازرگانی لە گەرووی هورمز ئەنجام دراون و هێرشەكان بنكەكانی فەرماندەیی و كۆگاكانی درۆن و تۆڕەكانی پەیوەندی و چاودێریی كەناراوەكانیان كردووەتە ئامانج بۆ سنوورداركردنی تواناكانی سوپای پاسداران دژی كەشتییە مەدەنییەكان.
سێنتكۆم جەختی كردەوە گەرووی هورمز بە كراوەیی دەمێنێتەوە و كەشتییە بازرگانییەكان بە پارێزراوی و بە پاڵپشتی ئەمریكا تێپەڕ دەبن و لەئێستادا زیاتر لە 50 هەزار سەربازی ئەمریكی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوەیان پێكراوە بۆ پاراستنی ئاسایش.
لە بەرانبەردا سوپای ئێران لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە ئەمڕۆ هەینی زنجیرەیەك هێرشی درۆنی بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە هەریەك لە وڵاتانی ئوردن و بەحرێن ئەنجامداوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، لە بەحرەین بنكەی ئاسمانی شێخ عیسا كراوەتە ئامانج و كۆگاكانی سووتەمەنی و شوێنی نیشتەجێبوونی هێزەكان پێكراون، لە ئوردن بنكەی ئاسمانی ئەزرەق كراوەتە ئامانج و هێرشەكە فڕۆكەكان و شوێنی حەوانەوەی سەربازانی گرتووەتەوە.
سوپای ئێران جەختی لەوە كردەوە ئەم هێرشانە وەڵامدانەوەیەك بووە بۆ ئەو جموجوڵانەی بەرژەوەندییەكانی تاران دەخەنە مەترسییەوە، هۆشداری دراوە كە هەر هەنگاوێك دژی بەرژەوەندییە یاساییەكانی ئێران بگیرێتەبەر، دەبێتە هۆی تێكدانی ئاسایش و بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی وڵاتانی دیكەی ناوچەكە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە