1 کاتژمێر پێش ئێستا
126 جار خوێنراوەتەوە
ئەنجومەنى ئاشتیی غەززە: چەکدانان مەرجە بۆ کشانەوە
پەیام
ئەنجومەنی ئاشتیی غەززە رایگەیاندووە، کشاندنەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتى غەززە بەندە بە دانانی چەک لەلایەن گرووپە چەکدارە فەلەستیینییەکانەوە.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بێنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەنجومەنی ئاشتیی غەززە ڕایگەیاند هەر پاشەکشەیەک بۆ دواى "هێڵی زەرد" دوای پرۆسەی داماڵینی تەواوەتیی چەک لە کەرتی غەززەدا جێبەجێ دەکرێت. ئەنجومەنەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئامانجی پرۆسەى چەکدانان، کە چەکی سووک و قورس و تونێلەکان دەگرێتەوە، کۆتاییهێنانە بە حوکمی چەکداری و گواستنەوەیە بۆ سیستەمێکی حوکمڕانیی مەدەنی.
بڕیارە پرۆسەی داماڵینی چەک لەژێر چاودێریی هێزی سەقامگیریی نێودەوڵەتی و بەدواداچوونی لیژنەیەکی تایبەتمەنددا جێبەجێ بکرێت.
نیکۆلای ملادینۆڤ، سەرۆکی ئەنجومەنی ئاشتیی غەززە، ڕایگەیاند قۆناغێکی سەخت دەستی پێ کردووە و کارەکانی ئەم قۆناغە بە هەنگاوی خاو، قورس و ئاڵۆز وەسف کرد.
لە کاردانەوەیەکدا بەرانبەر بە لێدوانەکانی ئەنجومەنی ئاشتی، بزووتنەوەی حەماس جەختی لەوە کردەوە کە گروپەکان پابەندن بەو خاڵانەی بۆ قۆناغی دووەم لەسەری ڕێککەوتوون. هەروەها بزووتنەوەکە داوای وەڵامێکی ڕوون و فەرمیی لە ملادینۆڤ و نێوەندگیرەکان کرد سەبارەت بە جێبەجێکردنی خاڵاەکان لەلایەن سەرجەم لایەنەکانەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە