1 کاتژمێر پێش ئێستا
206 جار خوێنراوەتەوە
هەرێم: بڕیاری تاكلایەنانەى ناردنی غاز بۆ بەغدا بەبێ ڕەزامەندی ئێمە پێشێلکارییە
پەیام
حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم بڕیاری تاكلایەنانەی كۆمپانیاكانی دانا غاز و كرێسنت پترۆلیۆمی بۆ ناردنی غاز بۆ بەغدا بەبێ ڕەزامەندی خۆی ڕەتكردەوە و بە پێشێلكارییەكی ڕوونی گرێبەستی و دەستوەردان لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و حكومەتی فیدراڵی ناوزەندی كرد.
حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم ڕایگەیاند، كە تەنها لە كاتی ڕاگەیاندنی فەرمی كۆمپانیاكانەوە لە دەستپێكردنی دابینكردنی غازی كێڵگەی كۆرمۆر بۆ وەزارەتی كارەبای عێراق ئاگادار كراوە.
حكومەتی ماوەبەسەرچوو جەختی كردەوە، كە وەك قەوارەیەكی دەستووری، هەرگیز دژی دابینكردنی وزە بۆ هیچ بەشێكی عێراق نییە، بەڵام دەبێت هەر ڕێكخستنێك بەپێی چوارچێوەی گرێبەستەكان و بە ڕەزامەندی ئەوان وەك لایەنی گرێبەستكار بێت.
حكومەتی ماوەبەسەرچوو ئاماژەی بەوە كرد، ئەم بڕیارە لە كاتێكدایە كە پێشتر چەندین جار داوای غازی زیاتریان بۆ وێستگەكانی ناوخۆی هەرێم كردووە و جێبەجێ نەكراوە.
هەروەها هەر ئاماژەیەك بەوەی كە حكومەتی هەرێم پاڵپشتی ئەم هەنگاوەی كردووە، بە "ناڕاست و چەواشەكارانە" وەسف كرا و ئەو سوپاسگوزارییەی كۆمپانیاكان بۆ هەرێم ڕەتكرایەوە.
حكومەتی ماوەبەسەرچوو ڕاشیگەیاند، كە خەریكی هەڵسەنگاندنی لێكەوتە یاسایی و گرێبەستییەكانی ئەم پێشێلكارییەیە و سەرجەم ڕێوشوێنەكان بۆ پاراستنی مافەكانی و بەرژەوەندییەكانی خەڵكی هەرێم و عێراق دەگرێتەبەر.
هاوكات پابەندی خۆی بۆ بەردەوامی هاوكاری لەگەڵ بەغدا لە پێناو زیادكردنی بەرهەمهێنان لە چوارچێوەی ڕێكارە یاساییەكان دووپات كردەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە