1 کاتژمێر پێش ئێستا
151 جار خوێنراوەتەوە
ئۆكرانیا و ڕووسیا هێرشەكانیان بۆ سەر ژێرخانی یەكتر چڕ كردەوە
پەیام
رووسیا سێ كەشتی لە دەریای ڕەش پێكا و ئۆكرانیاش گەورەترین كۆگای بازرگانیی ئەلیكترۆنیی مۆسكۆی سووتاند.
ئەمڕۆ هەینی، دەنگی تەقینەوەیەكی گەورە لە مۆسكۆی پایتەختی ڕووسیا بیسترا، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشەكانی هەردوو وڵات بۆ سەر ژێرخانی یەكتر، وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند كە سێ كەشتی بارهەڵگریان لە دەریای ڕەش كردووەتە ئامانج بەو پێیەی كەرەستەی سەربازییان بۆ ئۆكرانیا دەگواستەوە، هەروەها بانگەشەی خستنەخوارەوەی 203 فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئۆكرانییان كردووە لە ماوەی یەك شەودا.
لەلایەكی دیكەوە، ئۆكرانیا هێرشەكانی بۆ سەر ژێرخانی ئابووری ڕووسیا توندتر كردووەتەوە و ئاگرێكی گەورە لە ناوەندی لۆجستی كۆمپانیای "واڵد بێریز" كە بە "ئەمازۆنی ڕووسیا" ناسراوە، لە ناوچەی یەكاتێرین بۆرگ كەوتەوە.
ئاگرەكە دوای ئەوە بوو كە سێ درۆنی ئۆكرانی كێشاویانە بە سەربانی كۆگاكەدا، ئەم كۆمپانیایە كە گەورەترین فرۆشیاری ئەلیكترۆنییە لە ڕووسیا، لە مانگی ڕابردووەوە بووەتە ئامانجی سەرەكی كیێڤ بۆ پەكخستنی ئابووری ڕووسیا.
بەرپرسانی ناوچەكە دەڵێن پێش تەقینەوەكە كارمەندانیان گواستووەتەوە و زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانە ماددییەكان زۆرن و نیشانەی قووڵتربوونی جەنگەكەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە