2 کاتژمێر پێش ئێستا
78 جار خوێنراوەتەوە
ئۆکرانیا بە یەک هێرش ٦٠٥ درۆنی ئاڕاستەى ڕووسیا کرد
پەیام
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند شەوی ڕابردوودا سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی ٦٠٥ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینییان لەسەر ناوچە جیاوازەکانی ڕووسیا تێکشکاندووە و دوو کەشتیی بارهەڵگری سەربازیشیان کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا، جگە لە خستنەخوارەوەی ٦٠٥ درۆن، ١٢ بۆمبی ئاڕاستەکراوی ئاسمانیش لە خاکی ڕووسیادا تێکشکێنراون. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە سوپای ڕووسیا دوو کەشتیی بارهەڵگری کردووەتە ئامانج کە کەلوپەل و پێداویستیی سەربازییان بۆ هێزەکانی ئۆکراین دەگواستەوە.
شەپۆلی هێرشەکان ناوچەیەکی بەرفراوانی گرتووەتەوە؛ درۆنەکان لەسەر ئاسمانی هەرێمەکانی بەلگۆرۆد، بریانسک، ڤلادیمێر، ڤۆرۆنیژ، کالوگا، کورسک، لیبیتسک، نیژنی نۆڤگۆرۆد، ئۆریۆل، ڕۆستۆڤ، ڕیازان، سمۆلێنسک، تامبۆڤ، تڤێر، تولا، یارۆسلاڤل، ناوچەی موسکۆ، هەرێمی کراسنۆدار، نیمچەدوورگەی کریمیا و ئاوەکانی دەریای ئازۆف و دەریای ڕەش پێکراون.
لەلایەن خۆیەوە، میخائیل ئێفڕایێڤ، پارێزگاری یارۆسلاڤل ڕایگەیاند هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی و جەنگی ئەلیکترۆنی ڕووبەڕووی گەورەترین هێرش بۆ سەر هەرێمەکەیان بوونەتەوە و توانراوە ٩٢ درۆن بخەرێنە خوارەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە کەوتنەخوارەوەی پارچەی درۆنەکان بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە سێ خانوو، شکانی پەنجەرەی چەندین باڵەخانەی نیشتەجێبوون و زیانگەیشتن بە چەندین ئۆتۆمبێل، جەختیشی کردەوە کە لێکۆڵینەوە لە زیانەکان بەردەوامە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە