2 کاتژمێر پێش ئێستا
35 جار خوێنراوەتەوە
لەسەر گەڕاندنەوەى فڕۆکەیەک، بەرپرسێک لە وەزارەتى گواستنەوەی عێراق دوورخرایەوە
پەیام
لە ڕووداوێكی نامۆدا و بەهۆی ناچاركردنی فڕۆكەیەك بۆ گەڕانەوە، وەزیری گواستنەوەی عێراق بەڕێوەبەری نووسینگەكەی لە كارەكەی دوورخستەوە.
وەهب حسێنی وەزیری گواستنەوەی عێراق، بڕیاری دوورخستنەوەی زەید مخێلف، بەڕێوەبەری نووسینگەكەی لە پۆستەكەی دا، ئەم بڕیارە دوای ڕووداوێكی تەمومژاوی هات كە تێیدا فڕۆكەیەكی هێڵی ئاسمانی عێراقی دوای فڕینی لە بەغداوە بەرەو ئەستەنبوڵ، ناچاركرا بگەڕێتەوە بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەكان، ڕووداوەكە پەیوەندی بە دەستێوەردانی پەرلەمانتارێكی ژنەوە هەبووە بۆ ڕێگریكردن لە گەشتكردنی كچەكەی كە لەناو فڕۆكەكەدا بووە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی داوا لە تیمی فڕۆكەوانیی فڕۆكەكە بكرێت فڕۆكەكە بگەڕێنێتەوە بۆ بەغداد.
ئەم بابەتە كاردانەوە و دەنگۆی زۆری لە میدیاكان و شەقامی عێراقیدا لێكەوتەوە، بەتایبەت كە زانیاری دژبەیەك لەسەر لایەنی بەرپرس لەو بڕیارە بڵاو كرابووەوە. بەشێك لە سەرچاوەكانیش باس لەوە دەكەن كە دوورخستنەوەی بەڕێوەبەرەكە بە بڕیاری خودی عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانی عێراق بووە.
دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیر لە كاتێكدایە كە لێكۆڵینەوەكان لەسەر كەرتی فڕۆكەوانی بۆ فشارە كەسی و سیاسییەكان بەردەوامە و وەزارەت دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم هەنگاوەوە سنوورێك بۆ ئەو جۆرە سەرپێچییانە دابنێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە