2 کاتژمێر پێش ئێستا
143 جار خوێنراوەتەوە
ئێران: بڕیاری دەستپێكردنەوەی دانوستانمان لەگەڵ ئەمریكا نەداوە
پەیام
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: هێشتا بڕیاری دەستپێكردنەوەی دانوستانمان لەگەڵ ئەمریكا نەداوە و ئاڵوگۆڕی پەیامەكانیش، دانوستان نییە.
لە گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (شەهرئارا)ی وڵاتەكەی كە ئەمڕۆ بڵاو كرایەوە، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: تاران هێشتا بڕیاری دەستپێكردنەوەی دانوستانی لەگەڵ واشنتن نەداوە، ڕۆڵی قەتەر و پاكستانیش تەنیا وەك كەناڵێكی گواستنەوەی پەیامە و ناچێتە چوارچێوەی دانوستانی فەرمییەوە.
سەبارەت بە گفتوگۆكانیان لەگەڵ عومان، عەراقچی ڕوونی كردەوە "ئەو بابەتە تەكنیكییە و تایبەتە بە دیاریكردنی ڕێڕەوی نوێی كەشتیوانی لە گەرووی هورمز، چونكە ڕێڕەوەكانی پێشوو چیتر كاریان پێ ناكرێت".
جەختیشی كردەوە "دەبێت ئەمریكا مەرجە پێویستەكان جێبەجێ بكات بۆ ئەوەی ڕێگە بە دەسپێكردنەوەی جوڵەی كەشتیوانی بدرێت".
زیاد لەوەش، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمریكای تۆمەتبار كرد بە پێشێلكردنی "یاداشتنامەی ئیسلاماباد" و دەسپێكردنەوەی پێكدادانەكان.
هەروەها دەنگۆی هەبوونی "ئاگربەست"ی ڕەت كردەوە و وتی: ئەوەی هەبوو كۆتاییهێنان بە شەڕ بوو، نەك ئاگربەست، مۆڵەتی 60 ڕۆژەكەش تەنیا دەرفەتێك بوو بۆ گفتوگۆكردن بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێككەوتنی كۆتایی".
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە