1 کاتژمێر پێش ئێستا
129 جار خوێنراوەتەوە
میسر و قهتهر: پێویسته ئازادیی كهشتیوانی له كهنداوی عهرهبی و دهریای سوور دهستهبهر بێت
وەزیرانی دەرەوەی میسر و قەتەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا جەختیان لەسەر پێویستیی دەستەبەرکردنی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز و بابولمەندەب و پەرەپێدانی چارەسەری دیپلۆماسی بۆ ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کردەوە.
بدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەکەیدا لەگەڵ شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال پانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند، هەردوو وڵات ڕۆژانە هەماهەنگی دەکەن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئاسایشی قەتەر و وڵاتانی کەنداو بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی نەتەوەیی میسر و وڵاتانی عەرەبی، هاوکات ئیدانەی هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر قەتەر و وڵاتانی کەنداو کرد کە بە بەزاندنی ئاشکرای سەروەریی وڵاتانی وەسف کرد.
وەزیری دەرەوەی میسر ئاماژەی بەوەش دا کە ڕێگە بە هیچ وڵاتێک نادرێت ئاستەنگ بۆ جووڵەی کەشتیوانیی دەریایی دروست بکات، هەروەها جەختی لە پێویستیی پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان کردەوە. ناوبراو ئاشکرای کرد کە لەگەڵ لایەنی قەتەریدا هاوڕان لەسەر ئەوەی ئاسایش و بەڕێوەبردنی دەریای سوور بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی وڵاتانی کەناراوەکانە.
لە لایەنی خۆیەوە، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر دووپاتی کردەوە قەتەر لە هەوڵەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە بەردەوام دەبێت بۆ پاڵپشتیکردنی چارەسەرە دیپلۆماسییەکان و ڕاگرتنی ئازادیی کەشتیوانی لە تەنگەکانی هورمز و بابولمەندەب.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە