1 کاتژمێر پێش ئێستا
23 جار خوێنراوەتەوە
سزای پێبژاردنی دارایی بەسەر جووتیارە كوردەکەى کەرکووکدا سەپێنرا
پەیام
دادگای كەركووك لە دوو دۆسیەدا سزای پێبژاردنی دارایی بەسەر جووتیارێكی كوردی گوندی شەناغەدا سەپاند.
ئەمڕۆ، یەكشەممە، دادگای كەركووك دۆسیەی دادگایی محەممەد ئەمین، ئەو جووتیارە كوردەی گوندی شەناغەی یەكلا كردەوە و لە هەر دوو ئەو سكاڵایەی لەسەری تۆمار كرابوو بە پێبژاردنی دارایی بە بڕی یەك ملیۆن دینار بۆ هەر سكاڵایەكیان سزا درا.
پەیامنێری پەیام كە لە بەردەم دادگای كەركووكدا ئامادە بوو، ڕایگەیاند: محەممەدئەمین، جووتیارە كوردەكە هەر دوو سكاڵای سەربازەكە و فەرماندەی ئۆپڕاسیۆنەكانی كەركووكی بەسەردا شكاوەتەوە و لە هەر یەكەیان بە بڕی یەك ملیۆن دینار سزا دراوە.
پەیامنێری پەیام ڕایشیگەیاند: تا ئێستا 30 جار دانیشتنی دادگا لەو دۆسیەیەدا بەڕێوە چووە، بەڵام لە زۆرینەیان لایەنی سكاڵاكار ئامادەی دانیشتنەكان نەبوون، بەو هۆیەوە دانیشتنەكانی دادگا دوا خراون.
مانگی دووی ساڵی ڕابردوو محەممەدئەمین جووتیارە كوردەكەی گوندی شەناغە سەر بە ناحیەی سەرگەڕان لە كاتی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ سوپای عێراق لە لایەن سەربازێكەوە ملپێچەكەی لە ملیدا ڕاكێشرا و خەریك بوو بخنكێت، بڵاوبوونەوەی ئەو گرتەیەش كاردانەوەی بەدوادا هات.
دواتر دۆسیەكە برایە دادگا و دوای ساڵێك و شەش مانگ ئەمڕۆ بڕیاری یاسایی لەوبارەوە دەرچوو.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە