1 کاتژمێر پێش ئێستا
115 جار خوێنراوەتەوە
عێراق شەش هەزار بەندكراوی بیانی بۆ 61 وڵاتی جیاواز دەنێرێتەوە
پەیام
عێراق هەنگاوە دیپلۆماسییەكانی بۆ واژووكردنی ڕێككەوتننامە و لێكتێگەیشتن لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی و بیانی بۆ گواستنەوەی هەزاران بەندكراو بۆ وڵاتەكانی خۆیان تا ماوەی سزاكانیان لەوێ تەواو بكەن، دەست پێكردووە.
ئەحمەد لعێبی، وتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق ڕایگەیاند: لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی و بە ئامانجی كەمكردنەوەی قەرەباڵغیی ناوەندەكانی چاكسازی، بڕیاری ناردنەوەی زیندانییان بۆ وڵاتەكانیان دراوە، و بڕیارەكەش سەرجەم بەندكراوانی بیانی، جگە لەوانەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، دەگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش كرد "بەندكراوەكان سەر بە 61 دەوڵەتی جیاوازن؛ لە نێویاندا هاووڵاتییانی سووریا لە پلەی یەكەمدان، دوای ئەوانیش هاووڵاتییانی مەغریب، ئەمریكا، كەنەدا، ڕووسیا، تونس، توركیا و چەندین وڵاتی دیكە دێن".
وتەبێژی وەزارەتی داد ئاشكراشی كرد "بەهۆی گوشاری زۆری بەندكراوانی بیانی لەسەر بنكەكان، گرتووخانەی ناوەندیی كەرخ لە بەغداد بۆ كۆكردنەوەی ئەو شەش هەزار سزادراوە دیاریی كراوە".
وتیشی: وەزارەت لە پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ نێردە دیپلۆماسییەكان بۆ كاراكردنی بنەمای مامەڵەی هاوشێوە و داڕشتنی میكانیزمێكی یاسایی ڕوون، بە مەبەستی گواستنەوەی ئەو كەسانەی مەرجە یاساییەكان دەیانگرێتەوە، بەردەوامە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە