1 کاتژمێر پێش ئێستا
157 جار خوێنراوەتەوە
سی ئێن ئێن: سوپای ئەمریکا خۆی بۆ بەردەوامی جەنگ لەگەڵ ئێران ئامادە کردووە
پەیام
بەرپرسانی ئەمریکی ڕایانگەیاندووە سوپاکەیان بۆ پاراستنی هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز بەردەوام دەبێت لە هێرشەکانی بۆ سەر تواناکانی ئێران، بۆ ئەو مەبەستەش هێز و چەک و تەقەمەنی پێویست لە ناوچەکەدا بەردەستە.
بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لە ڕێگەی تۆڕی "سی ئێن ئێن" ـەوە ئاشکرایان کردووە کە سوپای وڵاتەکەیان پێشبینی دەکات هێرشە سەربازییەکان لە نزیک گەرووی هورمز بەردەوام بن، ئەمەش وەک هەوڵێکی ستراتیژی بۆ بێهێزکردنی تواناکانی ئێران لە هەڕەشەکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لەو ناوچە هەستیارەدا.
هاوکات فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاندووە، هێزە ئەمریکییەکان هەفتەی ڕابردوو پارێزگارییان لە٤٠ کەشتیی بازرگانییان کردووە کە ١٨ ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەڵگرتبوو. لەم ئۆپراسیۆنەدا، واشنتۆن کۆمەڵێک کەرەستەی پێشکەوتووی ئاسمانی، دەریایی و تەنانەت فەزاییشی بەکارھێناوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی درۆنی و لەناوبردنی موشەکە کروزە دژەکەشتییەکان، تا ڕێگری لە ئێران بکات زیان بە هێڵەکانی گواستنەوەی وزە بگەیەنێت.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی بی بی سی کە لە سەرچاوە سەربازییەکانی ئەمریکاوە گواستوویەتییەوە، دۆخی ناوچەکە پێویستیی بە مامەڵەی بەردەوام و چاودێریی ورد هەیە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان بۆ ئاستێکی کەم، لەلایەکی دیکەوە، لە مانگی تەممووزی ڕابردووەوە گەمارۆکانی ئەمریکا ڕێگرییان لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران کردووە و بەرپرسان پێیان وایە گەرووی هورمز خەریکە بایەخی ستراتیژیی خۆی بۆ تاران لەدەست دەدات.
ئاماژە بەوەش کراوە کە قەبارەی ڕاستەقینەی ئەو نەوتەی بە گەرووەکەدا تێدەپەڕێت لەوە زیاترە کە ڕادەگەیەنرێت، بەوپێیەی زۆربەی کەشتییەکان ئامێری ناسینەوە و گـواستنەوەی نیشانەکانیان دەکوژێننەوە تا لەلایەن ئێرانەوە دەستنیشان نەکرێن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە