1 کاتژمێر پێش ئێستا
91 جار خوێنراوەتەوە
فەرەنسا.. هەوڵدان بۆ قەدەغەکردنى پۆشینی حیجاب کاردانەوەى لێ دەکەوێتەوە
پەیام
لە فەرەنسا و دەرەوەی ئەو وڵاتە، كاردانەوەكان دژی پارتی 'كۆبوونەوەی نیشتمانی'ی ڕاستڕەوی توندڕەو ڕوو لە زیادبوونن. دوای ئەوەی ڕایگەیاند كە ئەگەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ساڵی 2027دا سەركەوتن بەدەست بهێنێت، سزای دارایی بەسەر پۆشینی حیجابدا دەسەپێنێت و لە شوێنە گشتییەكاندا قەدەغەی دەكات.
لەمبارەیەوە، كەمپەینێكی دیجیتاڵیی بەرفراوان لەژێر ناوی 'حیجاب بۆ هەمووان' دەستی پێ كردووە. لەو هەڵمەتەدا، چالاكوانان و ژنانی نامووسڵمان وەك هاوسۆزییەك بۆ ژنانی مووسڵمان بەشدارن و وێنە و ڤیدیۆی خۆیان بە حیجابەوە بڵاو كردووەتەوە و بەڵێنیان داوە ئەگەر ڕاستڕەوەكان بگەنە دەسەڵات، ڕۆژانە حیجاب بپۆشن بۆ ئەوەی ڕێ لە جێبەجێكردنی هەر بڕیارێكی قەدەغەكردن بگرن.
ئەم هەڵمەتە جەخت لەسەر كێشە یاسایییەكان دەكاتەوە سەبارەت بە چۆنیەتیی جیاكردنەوەی حیجابی ئیسلامی لە جۆرەكانی تری پۆشینی سەر كە بۆ مەبەستی ئایینی یان پزیشكی بەكار دێن. هۆشداریش دەدرێت كە جێبەجێكردنی ئەم یاسایانە دەبێتە هۆی سزادانی ژنان تەنها لەسەر بنەمای شێوازی دەركەوتن یان بیروباوەڕ و پاشخانە جیاوازەكانیان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە