1 کاتژمێر پێش ئێستا
26 جار خوێنراوەتەوە
ترەمپ: بەرزى نرخی وزە و لێشاوی كۆچبەران بەریتانیا بەرەو كارەسات دەبات
پەیام
سەرۆكی ئەمریكا هۆشدارییەكی توند دەداتە بەریتانیا و ڕایدەگەیەنێت كە ئەو وڵاتە بەرەو كارەساتێكی گەورە هەنگاو دەنێت، ئەویش بەهۆی سیاسەتەكانی حكومەت سەبارەت بە وزە و كردنەوەی دەرگاكان بەڕووی كۆچبەراندا.
دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی (جی بی نیوز) ی بەریتانی، باسی لەوە كرد كە بەریتانیا كێشەیەكی زەبەلاحی هەیە، چونكە نرخی وزە سێ بۆ چوار هێندەی ئەوەیە كە دەبێت هەبێت، ئەو سیاسەتەشی بە هەڵە ناو برد كە دەیانەوێت واز لە سووتەمەنیی بەردین بهێنن.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، سەرۆكی ئەمریكا بە توندی ڕەخنەی لە لێشاوی كۆچبەران گرت بۆ ناو بەریتانیا. هۆشداریشی دا كە ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت، ناسنامەی نەتەوەیی ئەو وڵاتە بەتەواوی لەناو دەچێت و دەگۆڕێت.
لە بەرانبەردا، ترەمپ هەوڵی دا دڵی بەریتانییەكان ڕابگرێت و ڕایگەیاند كە خۆشەویستییەكی زۆری بۆ ئەو وڵاتە و پاشا چارڵز هەیە، بەڵام جەختی كردەوە كە حكومەتی ئێستا ڕووبەڕووی مەترسیی زۆر گەورە بووەتەوە.
ئەم لێدوانە توندانە لە كاتێكدان كە پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن و لەندەن لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام بەرز و نزمیی بەخۆیەوە بینیوە، و پێشبینیش دەكرێت قسەكانی ترەمپ كاردانەوەی زیاتر لەسەر شەقامی سیاسیی بەریتانیا دروست بكەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە