1 کاتژمێر پێش ئێستا
147 جار خوێنراوەتەوە
حووسییەكان: كەشتیوانی لە بابولمەندەب بۆ هەمووانە جگە لە سعودییە
پەیام
حووسییەكانی یەمەن ڕایانگەیاند: كەشتیوانی لە گەرووی بابولمەندەب بۆ هەمووانە جگە لە سعودییە.
یەحیا سەریع وتەبێژی سەربازیی حووسییەكانی یەمەن ڕایگەیاند: كەشتیوانیی لە گەرووی بابولمەندەب بۆ هەمووان پارێزراوە جگە لە كەشتییەكانی سعودییە كە هەر لە بنەڕەتەوە و بە هاوكێشەی گەمارۆ لە بەرانبەر گەمارۆ، لەژێر گەمارۆدا بووە.
دوابەدوای ڕاگەیاندنی دەستبەسەرداگرتنی گەرووی بابولمەندەب لەسەر دەریای سوور، حووسییەكان لەسەر زاری وتەبێژە سەربازییەكەیانەوە ڕایانگەیاند كە پرۆسە سەربازییەكانی هێزەكانیان كە لە سێی ئەم مانگەوە دەستی پێكردووە سەركەوتوو بووە و توانیویانە هێزەكانی سەر بە سعودییە لە شەش شار و ناوچە لە هەر دوو پارێزگای تەعز و حودەیدە بە قەبارەی 5400 كیلۆمەتر چوارگۆشە دەربكەن.
سەریع ڕایشیگەیاند: 32 بەرپەرچدانەوەی فڕۆكەی شەڕكەری سعودییەیان ئەنجام داوە كە تێیدا نۆ فڕۆكە خراونەتە خوارەوە.
وتەبێژەكەی حووسییەكان ئاماژەی بەوەش دا كە لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی حەوت فیرقەی سەربازیی هێزەكانی نزیك لە سعودییە كە لە 38 لیوا پێك هاتوون بە قسەی ئەو سەدان ئەندامی ئەو هێزانە كوژراون، یان بریندار بوون، یان دیل كراون".
لە نوێترین پێشهاتدا و دوای كشانەوەی سەرجەم هێزەكانی حكوومەت لەو ناوچانە، گرووپی (ئەنساروڵڵا)ی حوسییەكانی یەمەن كۆنتڕۆڵی تەواوی گەرووی باب المندب، دوورگەی ستراتیژی میون، شاری موخا و دورگەی زوقریان ڕاگەیاند.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە