1 کاتژمێر پێش ئێستا
104 جار خوێنراوەتەوە
عێراق.. له دۆسیهی "بێڕێزیكردن به ئاڵای ئهمریكا" چوار ئهفسهر له كارهكانیان دوور خرانهوه
پهیام
نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاری دوورخستنەوەی چوار ئەفسەری باڵای وەزارەتی ناوخۆی دا، ئەمەش به پاساوی کەمتەرخەمی لە ئەرکەکانیان و ڕێگەدان بە بێڕێزیکردن بەرانبەر ئاڵای ئەمریکا.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی نووسینگەی فەرماندەی گشتی كه واژۆی فەریق یەکەمی روکن عەبدولئەمیر شەمەری لەسەرە، بە فەرمانی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئەنجومەنێکی لێکۆڵینەوە لە دژی ئەو ئەفسەرانە پێکدەهێنرێت بەهۆی کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی ئەرکە ئەمنییەکانیاندا.
بڕیاری لەسەرکارلادانەکە هەریەک لە عەمید داود سەلمان داود فەرماندەی ناوچەی دووەمی ئەمنی، عەمید ڕیاز جیزان ڕەسەن سەللوم ئەفسەر لە بارەگای فەرماندەییی پۆلیسی بەغدا-ڕەسافە، عەقید زولفەقار عەودە کیتاب فەرماندەی فەوجی پێنجەمی فریاکەوتنی بەغدا-ڕەسافە، لەگەڵ موقەدەم مستەفا ساڵح مەهیدی ئەفسەری هەواڵگریی هەمان فەوج دەگرێتەوە.
لە بەڵگەنامەکەدا روونکراوەتەوە کە هۆکاری ئەم ڕێکارانە بۆ کەمتەرخەمیی ئەو ئەفسەرانە لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێپێوانی "ڕۆژی سەروەری" دا دەگەڕێتەوە، کاتێک ڕێگەیان داوە ژمارەیەک لە چەکدارانی حەشدی شەعبی بێڕێزی بەرانبەر ئاڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکەن، ئەمەش وەک هەنگاوێک لێکدراوەتەوە کە زیان بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەگەیەنێت.
هاوکات، فەرماندەی گشتی فەرمانی داوە بە پێویستیی بەدواداچوون و ئامادەبوونی مەیدانیی بەردەوامی پۆلیسی بەغدا-ڕەسافە لە کاتی خۆپیشاندان، ئاهەنگ و بۆنە جیاوازەکاندا. پێشتریش لە ٤ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی ڕاگەیاندبوو کە لە میانی ئاهەنگەکانی ڕۆژی سەروەریدا بێڕێزییان بە ئاڵای ئەمریکا کردبوو.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە