1 کاتژمێر پێش ئێستا
95 جار خوێنراوەتەوە
بەرپرسێکی ئێرانی: تەنانەت ڕێکەوتنی عومانیش واژوو بکرێت؛ گەرووی هورمز ناکرێتەوە
پەیام
بەرپرسێکی عومانی دەڵێت، تەنگەژەکانی گەرووی هورمز کاتین و کۆتاییان دێت، هاوکات ئێران پەیامی ئەوەی داوە کە گەرووەکە ناکرێتەوە تا مەرجەکانی تاران جێبەجێ نەکرێن.
وەزیری وزەی عومان ڕایگەیاند گەرووی هورمز دەکرێتەوە و پێدەچێت ئەو گرژییانەی لە ناوچەکەدا هەن کورتخایەن بن. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد پێویستییەکی زۆر هەیە بۆ فرەچەشنکردنی دەروازەکان و دیاریکردنی بژاردەی جێگرەوە بۆ هەناردەکردن، چ لە ڕێگەی عومانەوە بێت یان یەمەن و، هۆشداریشی دا کە بەرزبوونەوەی توندی نرخەکانی نەوت و گازی سروشتیی شلکراوە دۆخێک نییە کە بۆ هەمووان جێگیر و بەردەوام بێت.
لەبەرانبەردا، مەیسەم زوهوریان، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی ئێران، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس بڵاویکردەوە، تەنانەت ئەگەر ڕێککەوتنیش لەنێوان ئێران و سوڵتاننشینی عومان واژۆ بکرێت، گەرووی هورمز ناکرێتەوە تاوەکو مەرجەکانی تاران جێبەجێ نەکرێن. ئەو بەرپرسە ئێرانییە ڕوونیکردەوە کە مەرجە سەرەکییەکانیان بریتین لە ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر لوبنان و ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی ئێران.
لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز پشتبەست بە داتاکانی بواری کەشتیوانی بڵاویکردەوە کە ژمارەی ئەو کەشتییانەی لە سەرەتای هەفتەدا بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. بەپێی ئامارەکان، ژمارەی کەشتییەکان دابەزیوە بۆ ئاستێک کە کەمترە لە تێکڕای دە ڕۆژی ڕابردوو، کە پێشتر تێکڕاکەی ١٤ کەشتی بووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە