2 کاتژمێر پێش ئێستا
165 جار خوێنراوەتەوە
ڤیدیۆ "ئەمریکا ڤیدیۆی رزگارکردنی دوو فڕۆکەوانەکەی لە ئێران بڵاو کردەوە
پەیام
بۆ یەکەمجار، ئەمریکا ڤیدیۆی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی بڵاوکردەوە کە تێیدا زیاتر لە ٩٠ سەرباز دوو فڕۆکەوانی ئەمریکییان لە باشووری ئەسفەهان لە ناوخۆی ئێران ڕزگار کردووە.
تۆڕی هەواڵی" سی بی ئێس نیوز "ـی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئەو دوو ئەفسەرە بە ناوی خوازراوی" ئەلفا "و" برافۆ "دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەیان، بە پەرەشووت لە ناوچەیەکی شاخاویی باشووری ئەسفەهان خۆیان هەڵداوەتە خوارەوە و بە دووریی نزیکەی پێنج میل لە یەکترەوە جیا بوونەتەوە. لە کاتێکدا هێزەکانی ئێران بەدوایاندا دەگەڕان، بەڵام هێزەکانی ئەمریکا توانییان لە ئۆپەراسیۆنێکدا و بە بەشداریی ٢١ فڕۆکە، دوای ٨ کاتژمێر لە کەوتنەخوارەوەکەی" ئەلفا "ڕزگار بکەن و دوای دوو ڕۆژیش دەستیان بە" برافۆ "گەیشتووە.
دان کین، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردن لە کاتی ڕۆژدا و لە پشت هێڵەکانی دوژمنەوە زۆر مەترسیدار بووە، بەڵام نزیکبوونەوەی مەترسییەکان لە ئەفسەرەکە وای لە هێزەکانیان کرد پێش گەیشتنی ئێرانییەکان دەستبەجێ بجووڵێن.
لەبەرانبەردا، پرۆسەی گەیشتن بە" برافۆ "کە ئەفسەری سیستەمەکانی چەکە، نزیکەی دوو ڕۆژی خایاند، ئەمەش بەهۆی ئەوەی پەرەشووتەکەی تێکچووبوو و بە توندی کەوتبووە سەر زەوی، کە بەهۆیەوە بە سەختی بریندار بوبوو. بەپێی ڕاپۆرتەکەی سی بی ئێس نیوز، ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی بۆ دیاریکردنی شوێنی برافۆ بەکارهێناوە.
تۆڕەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە سەرەڕای شکان لە بەشی پشتی و چەند برینێکی دیکە، ئەو ئەفسەرە توانیویەتی بەسەر ناوچەیەکی شاخاویدا کە بەرزییەکەی دەگاتە حەوت هەزار پێ سەربکەوێت و چاوەڕێی تیمەکانی ڕزگارکردن بکات.
لە یەکەم چاوپێکەوتنیدا دوای ئەو ئۆپەراسیۆنە، " برافۆ "ساتی بینینی تیمی ڕزگارکردنەکەی بە" یەکێک لە مەزنترین ساتەکانی ژیانی" وەسف کرد.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە