3 کاتژمێر پێش ئێستا
99 جار خوێنراوەتەوە
بەریتانیا لێكۆڵینەوە لە ڕێكخراوێك دەكات كە پارەی بە سەربازانی ئیسرائیلی داوە
پەیام
بە تۆمەتی بەكارهێنانی نایاساییی پارەی باجدەرانی بەریتانی بۆ هاوكاریكردنی سەربازانی ئیسرائیل لە شەڕی غەززە، حكومەتی بەریتانیا دەستی بە لێكۆڵینەوە لە ڕێكخراوێكی خێرخوازیی ئیسرائیلی كرد.
بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەكانی "گاردیان" و "میدڵ ئیست مۆنیتۆر" لەسەر زاری مارتن ویلیام، سەرۆكی لیژنەی لێكۆڵینەوە، ڕێكخراوی فریاگوزاریی "یەحلۆم" لە ڕێگەی ساختەكارییەوە دەستی بە 7.7 ملیۆن دۆلاری گشتی گەیشتووە.
بەڵگەنامە و گرتە ڤیدیۆییەكان دەری دەخەن كە پارەی باجدەرانی بەریتانی بۆ چارەسەری دەروونیی سەربازانی بەشدار لە شەڕی غەززە بەكارهێنراوە، هاوكات نزیكەی 135 هەزار دۆلاریشی بۆ دروستكردنی مۆنۆمێنتێك بۆ سەربازانی ئیسرائیلی تەرخان كراوە.
ڕۆژنامەی گاردیان ئاماژەی بەوەش كردووە كە بازنەی لێكۆڵینەوەكان فراوانتر بووە و 32 ڕێكخراوی دیكەی خێرخوازی ئیسرائیلیش دەگرێتەوە؛ ئەوەش بە گومانی گواستنەوەی نایاساییی 37.8 ملیۆن دۆلار بۆ نێو ئەو نیشتەجێگە ئیسرائیلییانەی كە لەژێر سزاكانی یەكێتیی ئەورووپادان.
ئەم پێشهاتە داراییە هاوكاتە لەگەڵ پاشەكشەی بەرچاوی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی نێوان بەریتانیا و ئیسرائیل، لە سایەی توندبوونەوەی ڕەخنەكانی لەندەن لە سیاسەتەكانی تەلئەبیب لە كەرتی غەززە و كەناری خۆراوا لە فەڵەستین.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە