1 کاتژمێر پێش ئێستا
34 جار خوێنراوەتەوە
ئەنجومەنی پیران سنوورداركردنی دەسەڵاتەكانی ترەمپ لە جەنگی سەر ئێران ڕەتكردەوە
پەیام
ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا بە جیاوازی یەك دەنگ، پڕۆژەیاسایەكی بۆ سنوورداركردنی دەسەڵاتەكانی ترەمپ لە شەڕی دژی ئێران ڕەت كردەوە.
بە دەنگی 50 ئەندام بەرانبەر بە 49 ئەندام، ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا پڕۆژەیاساكەی بۆ سنوورداركردنی دەسەڵاتی ترەمپ لە جەنگ لەگەڵ ئێران ڕەت كردەوە، كە ئامانجی ئەوە بوو ڕێگری لە بەردەوامیی شەڕ بكات بەبێ ڕەزامەندیی پێشوەختەی كۆنگرێس، بەڵام نەیتوانی زۆرینەی پێویست بەدەست بهێنێت.
لەم دەنگدانەدا، چوار ئەندامی كۆمارییەكان بۆ پشتیوانی لە دیموكراتەكان دەنگی "بەڵێ"یان دا، لە بەرانبەردا جۆن فیتەرمانی دیموكرات دژی پڕۆژەكە دەنگی دا.
ئەم جوڵە یاسایی و سیاسییە لە كاتێكدایە كە لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكانی نیوەیی وڵاتەكە لە مانگی تشرینی دووەم، ناكۆكییەكی دیار لەنێو پارتی كۆمارییەكاندا سەبارەت بە پرسی شەڕ دروست بووە.
هەروەها بەپێی ڕاپرسییەكی "ڕۆیتەرز و ئیپسۆس"، تەنها 34%ی ئەمریكییەكان پشتیوانی لە هێرشە سەربازییەكان بۆ سەر ئێران دەكەن و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنیش ناڕەزایەتییە گشتییەكانی زیاتر كردووە.
هەرچەندە پڕۆژەكە زیاتر سیمبولی بوو، بەڵام نیشانەی گوشاری سیاسییە لەسەر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، كە تێیدا ژمارەیەك لە كۆمارییەكان هەڵوێستی خۆیان بەرانبەر بە درێژەكێشانی ململانێكان گۆڕیوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە