1 کاتژمێر پێش ئێستا
105 جار خوێنراوەتەوە
ههرێمی كوردستان.. خزمەتگوزارییەکانی ھاتووچۆ بە دیجیتاڵی دەکرێن
پهیام
وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی ھەنگاوەکانی بە ستانداردکردن و بە ئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکانی ھاتوچۆ، پڕۆسەی نوێی بە دیجیتاڵکردنی ساڵیانەی ئۆتۆمبێل دەستپێکرد.
ھێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕوونیکردەوە کە دوای ئەوەی پرۆسەی ئەلیکترۆنیکردنی مۆڵەتی شۆفێریی دەستی پێ کردبوو، ئێستا سیستەمی ساڵیانەکردن لە پارێزگای دھۆک خراوەتە کار.
بە وتەی ھێمن میرانی، بەھۆی قەرەباڵغی و زۆریی ژمارەی مامەڵەکان لە ھەولێر، جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە پێویستی بە ئامادەکاریی زیاتر ھەیە.
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناخۆی ھەرێمی کوردستان، وتیشی: "ئامادەکارییەکانی جێبەجێکردنی سیستەمەکە لە پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە، ھەروەھا ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ، سۆران و ڕاپەڕین، لە قۆناغی جێبەجێکردندان".
ھێمن میرانی ئاماژەی بەوەشکرد کە، لە پارێزگای ھەولێر پڕۆسەکە تەنیا لە بەشی بارھەڵگر دەستی پێ کردووە و ساڵیانەی نوێی ئۆتۆمبێل و مۆڵەتی شۆفێریی، بە شێوەی کارتێکی بچووک دەردەچێت و دیزاینەکەی بەگوێرەی ستانداردە جیھانییەکان دانراوە.
بە وتەی میرانی، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی پرۆژەکە، کاراکردنی پۆرتاڵێکی دیجیتاڵە و ھاووڵاتییان دەتوانن بەھۆیەوە بەشێک لە مامەڵەکانی پەیوەندیدار بە دەرکردن، تۆمارکردن و گۆڕینی خاوەندارێتیی ئۆتۆمبێل، لە ماڵەوە ئەنجام بدەن.
ناوبراو ڕاشیگەیاند وەزارەتی ناوخۆ جەخت لە پتەوکردنی پڕۆسەی خاوەندارێتیی ئۆتۆمبێلەکان دەکاتەوە، بەتایبەتی بۆ کەمکردنەوە و ڕێگرتن لە ساختەکاریی لە گواستنەوەی خاوەندارێتی.
سەبارەت بە ماوەی یاسایی بۆ گواستنەوەی خاوەندارێتی، ھێمن میرانی ڕوونیکردەوە کە بەگوێرەی ڕێنمایی ساڵی ڕابردوو، ئەو ماوەیە لە ٦٠ ڕۆژەوە بۆ ٩٠ ڕۆژ درێژ کراوەتەوە.
داوایشی لە ھاووڵاتییان کرد کە ھەرکەسێک ئۆتۆمبێلێک لە کەسێکی دیکە دەکڕێت، لەماوەی ٩٠ ڕۆژی دیاریکراودا خاوەندارێتیی ئۆتۆمبێلەکە بگوازێتەوە، بۆ ئەوەی لە داھاتوودا کێشەی یاسایی بۆی دروست نەبێت.
بەڕێوەبەری گشتی دیوان، بۆ گرنگیی ئەم بابەتە، نموونەیەکی تایبەتی ھێنایەوە و وتی: "پێشتر حاڵەتێک ھەبووە کە ھەزار و ٢٨٠ ئۆتۆمبێل بە ناوی یەک ھاووڵاتی تۆمار کرابوو، بەڵام دوای کۆچی دوایی ئەو کەسە، ٨٠ ئۆتۆمبێل بوونەتە میرات و ئەمەش بووەتە ھۆی دروستبوونی کێشەی میرات بۆ سەدان ئۆتۆمبێل".
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە