1 کاتژمێر پێش ئێستا
114 جار خوێنراوەتەوە
چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق: بڕیاری ئاشتی و جەنگ لە دەستی دەوڵەتدایە
پەیام
چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق ڕایانگەیاند کە دەوڵەت بڕیار لەبارەی ئاشتی و جەنگ دەدات و جەختیان لەوەش کردەوە کە تەواوبوونی ڕێڕەویی سەروەریی عێراق، دەبێتە مایەی بەھێزکردنی دامەزراوەکان، ھەروەھا قۆناغی داھاتوو پەیوەندی و ھاریکارییەکانی وڵات لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی و ڕۆشنبیری فراوانتر دەکات.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماریی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھەریەک لە سەرکۆمار نزار ئامێدی، سەرۆکوەزیران عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەیبەت حەلبووسی و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی فایەق زێدان لە کۆشکی سەلام لە بەغدا کۆبوونەتەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، دۆخی گشتی عێراق و پێشھاتەکانی ناوچەکە تاوتوێکراون.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت کراوەتەوە لە گرنگی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا و بەردەوامبوون لە ھەوڵەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ھاووڵاتییان، بە جۆرێک کە بێتە مایەی باشترکردنی دۆخی ژیان و خزمەتگوزاری و بەھێزکردنی متمانە بە دەزگاکانی دەوڵەت.
ھەر بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، جەختیان لەوە کراوەتەوەکە بڕیاری ئاشتی و جەنگ لە دەستی دەوڵەتدایە و دەبێت چەک لە چوارچێوەی دەزگا دەستووری و یاساییەکاندا بێت و پێویستە پرسی بوونی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بەپێی دەستوور و یاسا چارەسەر بکرێن، بەشێوەیەک سەروەریی وڵات بەھێزتر بکات و ئارامی و سەقامگیریی وڵات بپارێزێت، ھەروەھا یەکگرتووی بڕیاری نیشتمانی دەستەبەر بکات لە رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و مەترسییەکاندا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە