سالار مهحمود
29/11/2019
629 جار خوێنراوەتەوە
هەنگاوەکانی دوای عەبدولمەهدی، ئەگەرو ئاڵنگارییەکان
سالار مەحمود
پێشکەشکردنی دەستلەکارکێشانەوەی عادلعەبدولمەهدی، پێشهاتی نوێ دێنێتە پێش.
ڕێکارەکانی کە پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران بیگرێتە بەر لەچواچێوەی دەستوردا دەبێت، بەڵام دەستور ئاماژەی نەکردوە بە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ دەستلەکارکێشانەوە، تەنیا حاڵەتی چۆڵبونی شوێنی سەرۆک وەزیران بەهەر هۆکارێک بێ و لێسەندنەوەی متمانە لەلایەن پەرلەمانەوە دیاریکراوە.
لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیرانیشدا ئەم حاڵەتە ئاماژەی پێ نەکراوە.
سەرۆک وەزیران دەستلەکارکێشانەوە پێشکەشی پەرلەمان دەکات، لەدەستلەکارکێشانەوەکەیدا پێ دەچێ داوای بەخشین (ئیعفا) بکات لە سەرۆکایەتیکردنی قۆناغی کاربەڕکردنیش، پەرلەمانیش پەسەندی دەکات و بڕیارەکەی پەرلەمان ئاڕاستەی سەرۆک کۆمار دەکرێت.
سەرۆک کۆمار بەپێی مادە(۸۱) لەدەستوری هەمیشەیی دەسەڵاتەکانی سەرۆک وەزیران لەکاتی چۆڵبونی (خلو)ی پۆستەکە مومارەسە دەکات، سەرۆک کۆمار لەماوەی پانزە ڕۆژدا کاندید بۆ پۆستەکە پێشکەشی پەرلەمان دەکات.
ئەم ڕێکارەش بەپشت بەستن بەمادەی (۷٦)ی دەستور ئەنجام دەدرێت.
پاشان سەرۆک وەزیرانی نوێ ناوی وەزیرە نوێکان پێشکەشی پەرلەمان دەکات بۆ پەسەندکردن ئەشێ چەند وەزیرێک لەشوێنی خۆیان بمێننەوە.
لەهەموو حاڵەتێکدا حکومەتەکە کاتی و کاربەڕێکەر دەبێ تا هەڵبژاردنی داهاتوو.
گفتوگۆی جیاواز لەلایەن شارەزایانی بواری دەستور لەم بارەیەوە دروست دەبێت.
بابەتی کوتلەی زۆرینەو دیاریکردنی کاندیدی نوێ مشتومڕی تر دروست دەکەن.
پەرلەمان لەماوەی کەمتر لەمانگێکداو لەژێر فشاردا یاسای هەڵبژارن و یاسای کۆمسیۆنی نوێ پەسەند دەکەن.
لەو چوارچێوەیەدا کاتی هەڵبژاردنی ئایندە لەلایەن پەرلەمان و بەهەماهەنگ لەگەڵ سەرۆک کۆمار دیاری دەکەن، سەقفی ئەم کارەش شەش مانگ زیاتر ناخایەنێ.
مەرجەعیەت لەدواین پەیامیدا بەتەواوی بێ ئومێدی لە چارەسەری دۆخەکە لەلایەن حکومەتی ئێستاوە ڕاگەیاند و پەرلەمانی هاندا بۆ کارکردن بە میکانیزمێکی تر لەو متمانەیەی بە حکومەتی دابوو.
ئەم پرۆسەیە بەم ڕێکارانەش هێشتا ئاسان نیە، چونکە ئەم بەشێکە لە داخوازی خۆپیشاندەران نەک هەمووی.
خۆپیشاندانەکانیش تا بەدیهاتنی داخوازیەکانی تریان کۆتایی نایەت.
لەهەمانکاتدا لەپەرلەمانەوە ئاڵۆزی نوێ دروست دەبێ چونکە داواکاری لادانی سەرۆکی پەرلەمانیش دەبێتە بابەتێکی گەرم، زیاد لە کوتلەیەک پلانێکی لەو جۆرەیان هەیە.
کوردستانیش زۆنگێکی دابڕاو نییە لە کاریگەریەکانی ئەو رووداوانە، نزیکترینیان بە رۆیشتنی عادل عەبدولمەهدی کورد دۆستێکی بێ دەسەڵاتی لەدەستدا، پرۆسەی رێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغداش کەوتە ئایندەیەکی نادیارەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی سالار مهحمود