سالار مهحمود
27/11/2021
471 جار خوێنراوەتەوە
بۆچی پڕۆژە بڕیارەکەی پەرلەمانی فهڕەنسا دەنگی نەھێنا؟
ھەوڵدەدەم بەکورتی و لە ١٠ خاڵدا وڵامی ئەو ناونیشانە بدەمەوە.
ئامادەکردنی پڕۆژە بڕیاری ناساندنی کۆمەڵکوژی کورد لە کوردستانی عێراق وەک ھەوڵێک بۆ ناساندن، گرنگ بوو. لەوەش گرنگتر چووە ناو بەرنامەی کاری پەرلەمان و، خرایە دەنگدانەوە. بەڵام دەنگی پێویستی نەھێنا و نەبوو بە بڕیار.
یەکەم: دەستخۆشی و گەیاندنی پێزانین بۆ ئەو پەرلەمانتار و پارتانەی پشتگیری پڕۆژەکەیان کردوە گرنگە. بە ئامانجی بەردەوامیدان بە پەیوەندی و ھاوسۆزی.
دووەم: دیراسەکردنی ھۆکارەکانی پشتگیری نەکردنی پڕۆژەکە لەلایەن ئەوانی ترەوە گرنگە.
سێیەم: بە درێژایی ئەمڕۆ میدیای پارتەکانی کوردستان بێبایەخ و کەمتەرخەمانە لەو ھەوڵە و لەو پڕۆژە گرنگەیان ڕوانی و ڕووماڵ کرد.
چوارەم: دەرکەوت پرسی ناساندنی جینۆسایدی کوردستان لە ئەجندای سیاسی کورددا ئەولەویەتی نیە.
پێنجەم: دیبلۆماسیەتی کورد لە فهڕەنسا لاواز و بێ کاریگەرە. تەنانەت ناتوانن ئەو پرۆژانەی خەڵکی تر بۆ کوردی دەکات، ھاوپشتی بۆ دروست بکەن و ڕای سیاسی و گشتی ناوەوەی کوردستانی لێ بەئاگا بھێنن.
شەشەم: ڕەوەندی کوردی نادیدە گیراوە، ئەگینا کەمپەین بکرایە پێشتر و، پەیوەندی و ھاوپشتی لەگەڵ ئەو ھێزە گەورە مرۆییە بکرایە، ئەوان دەیانتوانی بە چالاکی مەدەنی لەبەردەم پەرلەمان و ساڵۆنەکانی تر ڕۆڵ ببینن.
حەوتەم: پڕۆژەکە لە بنەمادا بیرۆکەی لایەنەکانی دەرەوەی حکومەتی فرەنسا بووە، بۆیە زۆرینەی پەرلەمانی پشتیوانیان لێ نەکردوە.
ھەشتەم: لۆبی ئەرمەنی توانیویانە جینۆسایدی گەلی ئەرمەن بە پڕۆژە بڕیارێکی ھاوشێوە لە پەرلەمانی فهڕەنسا بناسێنن. ئەوەی کوردستان سەرکەوتوو نەبوو. دیارە لۆبی کوردی بوونی نییە.
نۆیەم: فهڕەنسا ئەندامی ھەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشە، ئەو پڕۆژە ببوایەتە بڕیار پەلی دەکێشا بۆ ئاستی باڵاتر. مەبەست ئەوەیە کاریگەری بڕیار لە پەرلەمانی فهڕەنسا وەک پەرلەمانی وڵاتانی تری ئەوروپا نیە.
دەیەم: ئەم ھەوڵە گرنگەی کە درا و ئاکامی نەبوو لەم قۆناغە باببێتە دەرفەتی بەھۆشداریدان بە حکومەتی ھەرێم و حزبەکان بۆ دەستپێکی قۆناغێکی نوێی کارکردن لەسەر بە جیھان ناساندنی جینۆسایدی کورد.
ئەم پرسە جارەنوسسازە ھەرگیز کۆن نابێ. جینۆساید تاوانی نێودەوڵەتیە و یاسای نێودەوڵەتی ھەیە بۆ بەرەنگاربونەوەی.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی سالار مهحمود