سالار مهحمود
23/04/2022
189 جار خوێنراوەتەوە
کەلێنێکی گەورەی رۆژنامەگەری کوردی
لە رۆژی رۆژنامەگەری کوردیدا، دەمەوێت ئەو راستیە بخەمە بەردەم رۆژنامەنووسان و کەناڵەکانی میدیاو رای گشتی کوردستان، کە لایەنێکی گرنگی ئێستاو مێژووی کورد فەرامۆش کراوە، ئەویش ئاوڕدانەوەی جدییە لە جینۆسایدی گەلی کوردو لێکەوتەو بەرپرسیارێتی میدیایی بەرامبەر ئەو تاوانە نێودەوڵەتی و مەترسیدارانەی، رووبەڕووی گەلی کورد بووەتەوە، ئەم کەلێنە بەتەواوی ھەستپێدەکرێت، نە بەزمانی کوردی نەبەزمانە جیھانیەکان، کە بەشێک لە سایت و کەناڵەکان بەشی زمانی ئینگلیزی و عەرەبی و فارسی و تورکیان ھەیە.
داوا لە نووسەران و رۆژنامەنووسان دەکەم، بایەخی زیاتر بە جینۆسایدی کوردو تراژیدیای گەلەکەمان بدەن، بەنووسین بەزمانە جیاجیاکان و دیکۆمێنتکردن و گەیاندنی بە رای گشتی ناوخۆیی و دەرەوە.
ئەرکە لەکەناڵەکانی راگەیاندن، بایەخ بە پرسی ئەنفال و کیمیاییباران و راگواستن و جینۆسایدەکانی کوردستان بدەن، ھونەرمەندان فیلمی لەسەر بکەن.
ناوەندەکانی زانکۆو پەیمانگاکان توێژینەوەی لەسەر بکەن.
بەمەبەستی ھاندان پیرۆزبایی لەو نووسەرو خاوەن قەڵەمانەو کەناڵەکان دەکەم، گەر بەڕێژەییش بێت پرسی جینۆسایدی کوردیان کردووتە خەمی نووسین و گەیاندنی تراژیدیای گەلەکەمان بە رای گشتی ناوخۆیی و دەرەوە.
ھانی کەناڵە حزبی و غەیرە حزبیەکان دەدەم، بەشێک لەو بۆشاییە بەرینە پڕ بکەنەوە، ئەمە بەرپرسیارێتیەکی ئەخلاقی و ئینسانیە، لەھەمان کاتدا ئەرکێکی رۆژنامەوانی و میدیاییە.
ئەرمەنەکان دوای سەد ساڵ میدیاکانیان، رۆژانە دیمەنەکانی جینۆسایدی ئەرمەن پیشان دەدەنەوە وەک بەشێک لە پرۆسەی لەبیرنەکردن.
زۆرێک لەمیدیاکانی جیھان رۆژانە دیمەنەکانی ھۆلۆکۆست ئاوێتەی راپۆرت و وتارو نووسینەکانیان دەکەن، ئەمە جگە لە بەرھەم ھێنانی فیلمی نوێ بەبەردەوامی.
لە ئەفریقاش نەک ھەر رواندیەکان زۆربەی میدیاکانی وڵاتانی ئەو قاڕەیە، وەک بەشێک لە دەرس وەرگرتن باس دەکەن، لە ساڵێکا ھەموو رۆژو ھەفتەیەک بەبیری خۆیانی دەھێننەوە نەک تەنیا رۆژێکی بۆ تەرخان بکەن.
گەلانی دونیا ئەو ئەرکە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک لە کۆڵ خۆیان ناکەنەوە، وەکو لایخۆمان و رۆژی ٤/١٤ ی ئەنفال، یا ٣/١٦ رۆژی کیمیابارانی ھەڵەبجە، یا ٤/٢٤ رۆژی بۆمبارانی قەڵادزە.
کاری میدیا جگە لە پیشەیی بوون و ھەبوونی ئیتیکی رۆژنامەگەری، ئەرکی ئەخلاقی و ئینسانی و نیشتمانیشی ھەیە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی سالار مهحمود