سالار مه‌حمود 30/07/2019 490 جار خوێنراوەتەوە

لە سەحراکانی پارێزگای سەماوە



سەردانی ئازیزانی ژێر لم
بەرەبەیانی ۲٠۱۹/۷/۳٠ رۆژێکی دیكه‌ی تاڵ، یاوەری کەسوکاری ئەنفالکراوەکان بووم، بۆ سەردانی گۆڕ غەریبەکانی ئەو گەرمیانە..

 رۆژێکی دیكه‌ لە بیرهاتنەوەی رۆژی حەشری ئەنفال، مەگەر ئەوانەی لەناو شاڵاوەکانی ئەنفالدا شایەتحاڵبوو بن دەزانن ئەنفال چی بوو، (شێرکۆ بێکەس) ئەو دیمەنانەی نەدی و دەربەندی پەپولەی نووسی، گۆڕستانی چراکانی هۆنیەوە، گەر دیمەنی ئەو هەموو کراسە رەنگاڵەییانەی ژن و منداڵانی ئەو گەرمێنەی بدیایە، چ تۆفانی وشەو چ شەپۆلێکی رقی پیرۆزی بەرپا دەکرد.


لێرەوە زمانی گوزارشتی منیش سۆز بەسەریدا زاڵە 
ئەم سەحرایە پڕ پڕە لە تەرمی دارگوێزی تەڕو، بنی هەر دڕکەزێیەکی ئەم لمستانە، لاولاوی (خونچەو گوڵەباخ)ی وڕێڵەی پێکەوە شاردووه‌تەوە، تا چاو بڕکات هەر تەنیایی کوردو تا سۆما لەبینینا وندەبێت, هەر حەشری مێژووی کوردە، ئەم چەپکە قژانە بۆ ڕنراون بۆ؟ ئەم پەلکە کەزێیانە بۆ لەسەر بوونەتەوە، ئەم هاواری سەرانە چییە دەبێت دادیان بۆ کێ بردبێت.


سەحرایە لە بەزەیی. ئاخۆ دایک باوەشی بەمناڵا کردوە یا مناڵ توند لە ئامێزو ناڵەی دایکیا ژاکاوە، چ بێکەسێکە ئەم کوردە چ خەمساردێکە ئەم کوردە چ خەمێکە ئەم بێخەمیەی ئێمە.
ئەبێ مانگە شەو ئەو شەوە نەگریابێ بۆ ئەو دیمەنە؟ ئاخۆ ئاسمان ئەو قەپی شۆفڵانەی نەنووسیوەتەوە؟ ئەگەر ئاسمان چاوو گوێی هەبێ ئەبێ چی بیستبێ چی بینیبێ.

کورد دەڵێت:" ئەی دونیای کەڕو لاڵ ئەزانم نامبینی ئەزانم نامبیستی".

کە چوومە کۆبانێ لەسەر قەبرانی شەهیدان هەڵهەڵەی ژنانی پەلک شۆڕ و بلامل رەنگاڵەیی تاسەی ئەنفالی بیرخستمەوەو ئەم سەحرای سەماوەو سەلمانەش، هەمان پەلکی قژو هەمان هەڵهەڵە، لێ هەڵهەڵەی بێدەنگ و پلک و قژی رنراوم دی.. ئەمانە لە بەهارە سەیرانی (ملە سورە)دا بوون بۆ گەیشتنە ئەم ژیانقڕانەی ناو لم.

گەرمیانی ئەنفالستان چاو لەسەر تەوێڵبە بۆ هاتنەوەی قازوقوڵنگی بێدەنگ نیشتووی ئەو غەریبستانە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا