ئهبو بهكر عهلی
16/03/2020
749 جار خوێنراوەتەوە
کۆرۆنا و سەرەتاکانی خەمڵینی هۆشیاریەکی نوێ؟
یەکەم جارە لە کوردستاندا بەو بەربڵاویە مزگەوتەکان
دابخرێن، بۆیە لەچاوخۆیدا هوشیاری ئاینی خەڵك و پابەندبوونی نوێژخوێنان بە ڕێنماییە
تەندروستیەکانەوە، دڵخۆشکەرە. بوونی هەندێ خروقات لێرە و لەوێ لەگەڵ ئەوەی دەبێت
کاری لەسەر بکرێت بۆ کۆتایی پێ هێنانی نابێتە پرسیاری گەورە لەسەر هوشیاری نوێژخوێنان.
پێشم وایە لە م ڕوەوە ئەهلی مزگەوت و پابەندیان ئەگەر لە هەندێ خەڵك و کایەی تر زۆرتر
نەبێت کەمتر نیە. بەڵکو لەوەش زیاتر تا ئەم لەحزە و بەگشتی هوشیاری خەڵك بەگوندەکانیشەوە،
وە هاوکاری لەگەڵ دام ودەزگاکان و ئەدای خودی حکومەتیش باشترە لەوەی چاوەڕێ دەکرا.
ئەوەش پێمان دەڵێت لەگەڵ گرنگیی قسەکردن و دەستنیشانکردنی خاڵە لاوازەکان و زیاتر
هوشیارکردنەوە و پابەندکردنی ئەو بەشە لە کۆمەڵگە کە تاکو ئێستا بەگوێرەی پێویست ئەرکی
خۆی لەم ڕوەوە بەجوانی جێبەجێ ناکات، گرنگە ستایشی دیمەنە گشتیەکە و بەشەکەی تر
بکرێت و بشکرێت بە فشار بەسەر بەشە کەمتەرخەمەکەوە. بۆئەوەی لەڕوی کۆمەڵایەتیشەوە
خۆی وەك نامۆو دەرچوو لە کۆدەنگی خەڵك وحکومەت ببینێت.چونکە گوتاروچۆنیەتی مامەڵە
کردنی میدییانەش لەگەڵ ڕوداوەکە دا گرنگه.
ڕواندنی تۆوی متمانە بە خۆبوونیش دەچێتە
خزمەت باشتر ڕوبەڕوبونەوەی ڤایرۆسەکە، وە ئەمەش وەهم وخۆخڵە تاندن نیە،چونکە هەندێ
بەراوردکرن لەم ڕوەوە ئەم هەستەمان لادروست دەکات ودڵمان بەدواڕۆژی خۆمان خۆشتر دەکات..
لەڕوێکی ترەوە دەبێت لەگەڵ بایەخی گەورەی خۆپارێزی لە پەتا کە ،،لەبیری پەرەدان بەکولتورێکی
مەدەنی وقوڵکردنەوەی گیانی هاوچارەنووسی نێو کۆمەڵ وپابەندبوون بە ڕێنماییەکان ولێپرسراوی
لە ئەستۆگرتنی ئەخلاقیشدا بین. چونکە بمانەوێ ونەمانەوێ ، ئەم ساتانە ، لانی کەم لەهەندێ
ئاستیدا، فۆرمێکی نوێ لە هوشیاری کۆمەڵایەتی و دینی و تەندروستی و بەگشتی نیشتمانی
دەخەمڵێنێ و دەبێت پەروەردەبکرێت.
ڕوونیشە توانا دامەزراوەیی و تەندروستییەکانی ئێمە
سنوردارن، هەر بۆیە ،دەبێت، قورسایی هەرەگەورەمان لەسەر ستراتیژی خۆپارێزی
بێت. لەگەڵ ئەوەدا پێویستە بەچاوی ڕێز و پێزانینەوە بڕوانینە هەموو ئەو خوشك و برا
پزیشك و ستافی تەندروستی و ئیداری و میدیایی و ئاسایشیانەی، لەم ڕۆژانەدا بەپلەی یەکەم
ئەرك ڕوویان تێ دەکات و لەپێناو چاکەی گشتی و ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا مەترسی ڕوویان
تێدەکات. بەحوکمی ئەوەی پێزانینی کۆمەڵایەتی و مەعنەوی، مانا زیاتر بە خزمەتیەکانی
ئەوان دەدا و بەشێکیشە لەو کلتورەی دەبێت لەم کۆمەڵگەدا پەرەی پێ بدرێت. لەگەڵ جدی
بوونی مەترسیەکە و پێویستی بەجدی گرتنیشی، دوعاخوازین بەکەمترین زیان ئەم دۆخە تێپەڕێنین
و ببێتە وێستگەیەكی تریش بۆ بنیاتنانی ئایندەیەکی بەهێزتر و هاو چارەنوستر و ڕوناکتر
. خواحەزکات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی ئهبو بهكر عهلی