ئه‌بو به‌كر عه‌لی 23/01/2022 335 جار خوێنراوەتەوە

دەستشکاندنەوەکەی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆك کۆمار

ئەگەر و مەترسییەکان
پێموایە ھەمووان ئاگاداری دۆخەکەین و پێویست بە وەسفکردنی زۆر ناکات و دەزانین باسی چی دەکەین. بۆیە لە ڕوانگەی لێپرسراوێتی نیشتیمانی خۆمانەوە، دەخوازین ڕاستەوخۆ بچینە ناو بابەتەکەو ئەم سەرنجانەی خوارەوە بۆ سەرکردایەتی ئەم دوو ھێزە بخەینە ڕوو لێپرسراوێتیان بخەینە ئەستۆ:
یەکەم: پارتی
بەبۆچۆنی ئێمە ئەگەر پارتی لادانی د بەرھەم، لەخودی خۆیدا بەئامانج بزانێت، نەیپێکاوە.
ئەویش لەبەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:
یەکەم/
١- خودی پۆستەکە سەبارەت بەکوردو ھێزەکانیش ئامرازە نەك ئامانج.
٢- دەبێت ئامانج ئەم خاڵانەی خوارەوە بن:
ا- پاراستنی یەکھەڵوێستی کوردو لەپێش ھەمووشیەوە یەکھەڵوێستی یەکێتی وپارتی.
ب- لێوەشاوەیی کەسەکە بۆ پۆستەکە. واتە کەسێکی شایستەو لێوەشاوە بەنوێنەرایەتی کورد پۆستەکە وەربگرێت.
کەتوانای ھاوسەنگی دروستکردنی لەنێوان ئەرکە عێراقی وکوردستانییەکان و ھێزە کوردییەکان، سود وەرگرتن لەدەسەڵاتە دەستورییەکانی بەقازانجی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپە سێراوەکانی نێوان ھەرێم چوبەغدا و تێگەیشتن نیشاندان بۆ گۆڕانکارییەکانی ھەبێت.
دووەم/
لەسۆنگەی ئەو مەترسیانەی دەشێت لەم ھەنگاوە بکەونەوە لەوانەش:
. ا- ئەگەر یەکێتی بەناچاری د بەرھەمی گۆڕی پاڵێوراوێکی تری دیاریکرد:
١- پشتیوانیکردن لە کەسێتیەکی کەم توانا بۆ پۆستەکە، کە دواتر ببێتە بار بەسەر ھەمووانەوە.
٢- دەرچوو نی کەسێکی تری یەکێتی، کەلە ژێر ھەست بەسوکایەتیکردن وکاردانەوە، دژایەتیەکی زۆرتری پارتی بکات وبەوەش کێشەی نوێ بخوڵقێت.
ب- ئەگەر بەخاڵی ئەلف ڕازی نەبوو، واتە پاڵێوراوی پارتی دەرچوو بوو بە سەرۆك، ئەگەری مەترسییەکان بەم جۆرەی خوارەوە دەبن:
١- زیاتر قوڵکردنەوەی بێمتمانەیی نێوان ھێزە کوردییەکان ولەبەر یەکھەڵوەشاندنەوەی ڕیزەکان وکۆتایھاتن بە چیرۆکی ئامادەبوونی کورد وەك پێکھاتە لەبەغدا.
٢- دەرگاکردنەوە لەبەردەم یەکێتیدا بۆ مانۆڕی سیاسی وھاوپەیمانی سیاسی سەربەخۆ لەئەگەری ھاتنە پێشی ھەندێ دۆخ لەداھاتوودا، بەمەبەستی تۆڵەکردنەوە لەپارتی.
٣- بێمسداقییەتبوونی زیاتری دروشم وبانگەشەی پارتی بۆ ھاوھەڵوێستی فراکسیۆنە کوردیەکان لەبەغداو یەکڕیزی نیشتیمانی.
بەدەر لەوە پارتی دەبێت ئاگای لەم خاڵانەی خوارەوەش بێت:
١- لەپێش نەگرتنی سیاسەتێکی ئیستیعابی بەرامبەر یەکێتی وڕواندنی تۆوی ھەست بە شکست وسوکایەتی لای ئەم ھێزە، لەسایەی نەبوونی دەرفەتی بەلاداخستنی ستراتیژی ململانێ مێژووییەکان بە قازانجی خۆی، بەرەنجامی خراپی بۆ خۆی وکوردیش لێدەکەوێتەوە، لەوانەش:
ا- زیاتر بەھێزکردنی گرێی دژایەتیکردنی پارتی وگۆرانی بە ئایدۆلۆژیایەکی فەرمی ڕانەگەیەنراو.
ب- گەڕان بەدوای دەرفەتدا بۆ تۆڵەکردنەوە بالەسەر حسابی ھەندێ مەسەلەش بێت.
ج-زیاتر پەککەوتنی پرۆسەی یەکگرتنەوەی ھەرێم وھێزەکان وچاکسازی.
د- زیاتر واڵاکردنی دەرگا بۆ دەستێوەردانی دەرەکی.
ج- زیاتر نائومێد بوونی یونامی وخۆرئاوا لەوەی نوخبەی حوکمرانی ھەرێم توانای خۆبیناکردنەوە وتێپەڕاندنی ئەو بازنە داخراوەی ھەبێت، کەچەندین ساڵە لەناویدا دەخولێتەوە.
٢- ھاوپەیمانێتیەکەو ئەگەری بیناکردنەوەی عێراقێکی جیاوازتر، بۆ پارتی ڕیسك وسەرچڵی سیاسی تێدایە
لەسۆنگەی:
. سنورداریی توانستی مێژویی عێراق وەك قەوارە.
. سروشتی سرك وئایدۆلۆژی وعێرقچێتی رەوتی سەدر
. دەستێوەردانی دەرەکی
. نایەکگرتوویی کوردو ھەوڵی ناوخۆیی ودەرەکی بۆ شکستپێھێنانی حکومەت( ئەگەربەم جۆرەی ئێستا بێت)، وادەکەن قورس بێت پارتی توانای بەدیھێنانی ئامانجی نەتەوەیی گەورەی ھاوشێوەی گێڕانەوەی ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی ھەبێت. لەوحاڵەتەشدا ھەوڵەکەی دەبێتە ڕاکردن بەدوای ھەندێ دەستکەوتی حیزبیدا وئیحراجی دەکات ودەرھاویشتەی لێدەکەوێتەوە.
٣- ڕابردوو لەوا نەش ئەزموونی ١٦ ی ئوکتۆبەر پێمان دەڵێت، ھەر ھەنگاونان وستراتیژێکی نوێی کورد بە بیناکردنەوەی ناوخۆیی ھەرێم ودروستکردنی تەوافوق بەتایبەتیش لەنێوان یەکێتی وپارتیدا دەستپێنەکات، ئایندەی لێڵ و نامسۆگەر دەبێت وکورد خۆی بەشداری شکستپێھێنانی دەکات.
٤- لەسۆنگەی دابەشبوونی ھەرێم، بوونی ھێزو ناوچەی نفوزو پشتیوانی دەرەکی، بەھەند نەگرتنی توانای یەکێتی لەدروستکردنی کێشە و تێکدانی ھەندێ لە گەمەکان، ڕاست نیە.
دووەم: یەکێتی/ سەرەنجەکانیشمان بۆ یەکێتی لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا کورتدەکەینەوە:
١- دەرچوون لە چوارچێوەی ئەو بیرکردنەوە ھەڵەی دەڵێت: ھەرچی پارتی ویستی پێچەوانەکەی بکە بەرژەوەندی والەئەوەدا! چونکە ئەمە لەڕابردوودا بەتایبەتیش دوای ساڵی٢٠١٥ ھۆکارێکی گەورەی داڕوخانی گۆڕان بوو، کەنەیانتووانی سەرەرای ئیھانەکردنی پارتی لەحکومەت بکشێنەوە، ھەروەھا ئەم بیرکردنەوە وادەکات پارتی ئامانجە لەپێشینەوەکان وجۆری کاردانەوە بۆ ھئزەکانی بەرامبەری دیاری بکات وبەوەش ئیدارەیان بدات، بیرکردنەوەی ئازادو ھەڵسەنگاندنی واقیعی و دەستپێخەری سەربەخۆیان لێ زەوت بکات ولەبازنەی ستراتیژی ئەودا بسوڕێنەوە.
٢- کێشەی سەرەکی یەکێتی پارتی نیە، بەڵکو خۆیەتی، پەیوەندی بە دۆخ و واقیعی ناوخۆی خۆی و چۆنێتی ئیدارەدانی وزەوتواناکانی وململانێ وپەیوەندییەکانییەوە ھەیە. ھەربۆیە نابێت بچێتە ھەندێ ململانێوە کە پارتی کات وشوێن وشێوازەکەی دیاریکردوەوە، لەسەرو توانا کانی ئەمەوەیەو سەقاڵی دەکات ووزەکانی بەفیڕۆدەدا ولەئەرکە ڕاستە قینەکانی دووری دەخاتەوە.
٤- دەستگرتن بە پرسێکی دیاریکراو لەوانەش بەکاندیدێکی دیاریکراوەوە، کردنی بەپێوەر بۆ سەرکەوتن وشکست و بوون ونەبوونی ئیرادە بەرامبەر پارتی، کارێکی ھەڵەیە.
چونکە، دەشێت بەرامبەرەکان وەك بەشێك لە بەڕێوەبردنی جەنگی دەروونی ،پرسێکت لێبکەنە پێوەری پێوەرەکان بۆ شکست وسەرکەوتن، بەڵام نابێت ھێزەکە خۆی وابکات وچارەنوسی خۆی بە پرسێکەوە ببەستێتەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی ئه‌بو به‌كر عه‌لی

سەرەتا