ئهبو بهكر عهلی
17/08/2022
172 جار خوێنراوەتەوە
گفتوگۆی نیشتیمانی بە پێوەرەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی
ھەروەك ھەموو لا ئاگادارین، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ھادی عامری سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی، سەردانی ھەرێمی کرد و لەگەڵ ھەموو ئەو لایەنانەدا کۆبۆوە پەڕلەمانتاریان لە پەڕلەمانی عێراقدا ھەیە. وا بڵاوکرایەوە، ناوبراو ھەڵگری دەستپێشخەریەکی نوێیە بۆ چارەسەرکردنی بنبەستی سیاسی عێراق، لە ڕێی ھەوڵدان بۆ سازدانی گفتوگۆیەکی نیشتیمانی و کۆبوونەوە بە دەوری مێزێکی خڕدا. تا لەم ڕێیەوە سەرکردەو ھێزەکان بگەنە ڕێکەوتنێکی ھاوبەش بە مەبەستی پێکھێنانی حکومەتی نوێ.
بەڵام پرسیاری بنەرەتی لێرەدا ئەوەیە: داخۆ ئەم گفتوگۆیە بە مانای وشە نیشتیمانییە؟ تەوژمی سەدریش دەگرێتەوە؟ یان بە مانایەکی تر، بە مەرج گیراوە تەوژمی سەدری وەك لایەنێکی سەرەکی کێشەکانی ئێستا بەشداربێت تیایدا؟ بە پێی ئەو زانیاریانەی لەبەر دەستن وەڵامی پرسیارەکە نەخێرە؟ واتە ھەوڵدەدرێت و داوا لە سەدر دەکرێت بەشداری گفتوگۆکە بێت، بەڵام ئەگەر ئامادە نەبوو بەشدار بێت، بە گوێرەی دیدی عامری، کە نوێنەرایەتی دیدی چوارچێوەی ھەماھەنگی و پشتیوانە ھەرێمایەتیەکەشی دەکات، نابێت گفتوگۆکە لەسەر ئەو پەك بخرێت و چارەنوسی وڵات بۆ میزاجی کەس و دیدی لایەنێ وازی لێبھێنرێت. ئەمەش واتە:
١- ھەوڵدان بۆ گواستنەوەی کێشەکە لە چوارچێوەی ماڵی شیعەوە بۆ ناو ماڵی عێراق. واتە بە عێراقیکردنی.
٢- گواستنەوەی ململانێکە لە نێوان چوارچێوەی ھەماھەنگی و ڕەوتی سەدرەوە بۆ نێوان کورد و سوننەو ھەماھەنگی لەگەڵ سەدر. کە ئەوەش یەکسانە بە ھەوڵدان بۆ قڵپکردنەوەی مێزەکە بەسەر سەدر و بە کردەوە پێکھێنانی ھاوپەیمانێتیەکی سێ قۆڵی نوێ، دژ بە سەدر و جیاواز لەوەی پێشتر ئەو ھەوڵی بۆ درا بە ئامانجی لاتەریککردنی چوارچێوەی ھەماھەنگی و کەمکردنەوەی ھەژموونی ئێران و بەمەرجەعکردنی سەدر بۆ شیعەو دواتریش بۆ ھەموو عێراق.
٣- وێناکردنی تەوژمی سەدری وەك ھێزێکی یاخی دەرەوەی سیستم و گۆشەگیرکراو و سەپاندنی چارەسەر بەسەریدا، لە حاڵەتی ڕازینەبوونیشی ،سەرکوتکردنی لە ڕێی بەکارھێنانی ھێزەوە، بەناوی ڕەوایەتی دەوڵەت و زۆرینەی نیشتیمانیەوە.
کەواتە لێرەوە تێدەگەین کە:
*مەرج نییە گفتوگۆی نیشتیمانی ھەموو ھێزەکان و لەوانەش لایەنێکی سەرەکی کێشەکە، واتە تەوژمی سەدری بگرێتەوە.
*چارەسەری کێشەکە لەگەڵ سەدر لە قۆناغی دووەمدا لە ئەگەری سەرگرتنی گفتوگۆ پێشنییارکراوەکە، بە گفتوگۆو لە ڕێی ھەوڵدان بۆ ڕازیکردنیەوە نابێت، بەڵکو بەسەریدا دەسەپێنرێت، ئەگەر پێویستیشی کرد بەناوی کورد و سوننەو ھەموو عێراق و دەوڵەتەوە ھێزی بەرامبەر بەکاردەھێنرێت. واتە، ھەوڵدانە بۆ ئەوەی لە دۆخێکی لەو جۆرەدا، شەڕەکە وێنای شەڕێکی ناوخۆی شیعەی لێنەگیرێت، بەڵکو وا نیشان بدرێت، شەڕی عێراقییەکانە بە پێکھاتەو ھێزە جیاوازەکانەوە، بە ناوی بەرگریکردن لە دەوڵەت و ڕەوایەتی و سیستمەوە، دژ بە تەوژم و ھێزێك کە لە بیری تێپەڕاندن و ھەڵوەشاندنەوەیاندایە.
کەواتە، ئامانج و ناونیشانی گەورەی ھەوڵەکەی عامری و بەرەکەی، دەرھێنانی کورد و سووننەیە لە دۆخی چاوەڕوانی و تەماشاکەری ڕووداوەکانەوە، بۆ دۆخی لایەنگیری و خۆبەخاوەنکردن و ھەڵوێستوەرگرتن، ئەوەش یەکسانە بە پێنانە ناو قۆناغێکی نوێی ئیدارەکردنی ململانێکان لەگەڵ سەدر لە چوارچێوەی جەمسەرگیرییەکی نوێ و دووبارە داڕشتنەوەی سەنگەربەندی و ھاوپەیمانێتیەکان، با ڕانەگەیەنراویش بن، بە زیانی سەدر و ھاوپەیمانێتیە ھەرێمایەتیەکانی ئەو و بەرە سێ قۆڵییە پێشوەکەش.
ئەم ھەوڵەش، لەگەڵ کورد و سوننەو ھەڕەشە لێکردنیان کە تەنھا شیعە باجی ئەم دۆخەو درێژەکێشانی و دەرھاویشتە چاوەڕوانکراوەکانی نادات، یەکسانە بەوەی گەر بەدەم بانگەوازەکەوە نەھاتن، چاوەڕ روانی فشارلێکردن بن، وەك ئامرازێکی تاقیکراوەو بڕواپێکراوی چوارچێوەی ھەماھەنگی و پشتیوانە ھەرێمایەتیەکانی، لە قۆناغی ڕابردوودا، ڕەنگە باس و خواسی مۆڵدانی ھێزەکانی سوپای پاسدارانیش لە ھەندێ ناوچەی سەرسنووری ھەرێم، لەم پرسە دابڕاو نەبێت. کەبەوەش گفتوگۆکە دەبێت بە گفتوگۆی بە زۆر!
لێرەشەوە نیشتیمانی بوون و گفتوگۆبوونیشی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی ئهبو بهكر عهلی