ئهبو بهكر عهلی
30/07/2019
1036 جار خوێنراوەتەوە
کەرکوك وشکستی ناسیونالیزمی کوردی
دوو هەفتە پێش دەستپێکردنی جەنگی هاوپەیمانان دژ بەڕژێم لە ساڵی
٢٠٠٣دا نامیلکەیەکم بڵاوکردەوە، بەناوی کورد و گرەو کردن لەسەر هەڵوێستی ئەمریکا،
بۆ زۆر لایەن و بەرپرسیشم نارد، بەشێ لە نامیلکەکە تەرخانبوو بۆ دۆخی کەرکوك، پێشنیارم کردبوو لە ڕۆژانی
یەکەمی شەڕەکەدا دیفاکتۆیەك لەشارەکەدا بسەپێنرێت، جەنگێکی گەورەی دەروونی بێ هیچ
خوێنڕێژیەك دژ بەعەرەبی تەعریب بەرپابکرێت بۆ چۆڵ کردنی، بۆ ئەوەی مەسەلەی قەرەبوو
بکەوێتە دواوە، بەسود وەرگرتن لە ئەزموونی هەندێ گەلیش، سندوقێکی نەتەوەیش
بەبەشداری حکومەت و پارەداری کورد بۆ کڕینەوەی موڵك وماڵی تەعریبیەکان و هەندێ
خەڵکی تریش دروست بکرێت، کە دەتوانرا بە بیست ملیۆن دۆلارێ بەشێکی زۆری هەندێ ڕووی
کێشەکە چارەسەر بکرێت.
لەوێدا هوشیاریمان دابوو بەدەرلەوە چارەنووسی کەرکوك لە چارەنوسی
سربرینستانی بۆسنە و هێرزۆ گۆڤین باشتر نابێت. کەچی کەس گوێی نەگرت. بڕیاریش
بەدەست ئەوانەوە بوو، کاك فەرید ئەسەسەردیش وتی وەك سەنتەرەکەی چەندین سیناریۆو
جۆری مامەڵە لەگەڵ کردن لەگەڵیان خستۆتە بەردەم لایەنی پەیوەندیدار، بەڵام
دیسانەوە کەس بەهەندی وەرنەگرتووە، ساڵی ٢٠٠٧ پڕۆژەیەکی ترمان خستە بەردەمی
سەرۆکایەتیەکانی هەرێم و سەرۆک کۆمار کەچۆن لەماوەی ساڵێکدا بەگوێرەی نەخشە
ڕێگایەکی هەمەلایەنە هەوڵی چارەسەری کێشەی کەرکوك و ناوچە دابڕاوەکان بدەین، لەگەڵ
چەندان پڕۆژەو پێشنیاری تری خەڵکی دڵسۆز کەچی هیچ گۆڕانکاریەکی ڕاستە قینە لە
چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ دۆسیەکەدا ڕووینەدا ، خاکمان کردە گرەوی ماددەیەکی دەستوری
کەچی لە لەحزەی داڕماوی دوای ٢٠٠٦ و تەقینەوەی شەڕی نێو خۆی نێوان سوننەو شیعە
هیچمان نەکرد!!
کەواتە نە توانیمان باش دۆخ و گۆڕانکاری وپێشهاتەکان بخوێنینەوە،
نە توانیمان دیفاکتۆ بسە پێنین، نە دەرفەت بۆ پیادەکردنی ماددە دەستوریەکە
بقۆزینەوە! ژێرخانی ئەم دۆخەش ئەوەیە لەم پرسەدا کورد هەربەناو ناسیونالیزمی هەیە،
دەنا کورد توانای بیرکردنەوە و بڕیاری بە هاوبەشی لەدەست نەدەدا، دوو هێزە بڕیار
بەدەستەکەشی گۆڕانکاری یەکانیان لە چاویلکەی ململانێی نێوان خۆیانەوە نە دەخوێندەوە،
پشت بەستوو بەم واقیعەش ئەگەر واقیعی کەرکوك بەدرێژایی مێژووی هاوچەرخمان لەئەستۆی
ڕژێمەکاندا بووبێت، لەدوای ٢٠٠٣ ەوە لێپرسراوی یەکەمی ئەو دۆخە خۆمانین، دەنا
دەرفەتەکان لەتوانایاندا بوو دۆخی ئێمە بەم جۆرە نەبێت.
کێشەش لەوەدایە ناگەینە خاڵێکی دابڕان و بەخۆداچونەوەیەکی ستراتیژی
وا، هەڵە کانی ڕابردوو تێپەڕێنین و لەدەرەوەی بازنە ئەو تەقلیدە خنکاوو قانگدراوە
، هەناسەیەكی پاك هەڵمژین وبیرکردنەوە و کارنامە و ڕەفتارێکی جیاواز ببینین.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی ئهبو بهكر عهلی