ئه‌بو به‌كر عه‌لی 07/11/2021 559 جار خوێنراوەتەوە

عێراق و ژیانی دۆزەخیانە

ھەوڵی تیرۆرکردنی کازمی، دووپاتی ئەوەی کردەوە، کێشەکانی عێراق زۆر لەوە قوڵترو فرە رەھەندترن، ھەروا بەسانایی لەڕێی ھەندێ میکانیزمی دابڕاو لە ژینگەی دیموکراسی و فەرھەنگی دەوڵەت، چارەسەر بکرێن.

تەنانەت ئەو ھێز و نوخبانەش خۆیان بەچارەسەر و جێگرەوەی دۆخی ئێستا دەزانن، ئەگەر دەرفەتی  بە دەسەڵاتگەیشتنیان دەستبکەوێت، تەنھا بەواتا ڤیبەریەکەی دەتوانن بینای دەوڵەت بکەنەوە، واتە پاوانکردنی زەبروزەنگ لە لایەن دەوڵەت وتۆخکردنەوەی سەروەریەکەی، دەنا نەلەڕوی فیکری ونەلەڕوی سیاسی وئەخلاقیەوە توانای  دەوڵەتسازیان نیەو ناشبن بەدەوڵەت مەدار. چونکە ڕاستە کێشەی گەورەی ئێستای عێراق فرەدەسەڵاتی ولاوازیی دەوڵەتە، بەڵام ڕەگی کێشەکانی لەوە قوڵترن ودەگەڕێنەوە بۆ ساتەوەختی دامەزراندنی وبونیاتەکەی و مۆدێلی دەوڵەتی نەخەمڵیوو شکستخواردووی پاش سایکس- بیکۆ.

ھەموو ئەوەش بەوردبوونەوە لەمێژوی عێراق پێمان دەڵێت: عێراق زیندانێکی مۆدێرنە بۆگەلەکەی، لەھەردوو دۆخی لاوازی وبەھێزیدا سەرچاوەی جۆرەھا کێشەوتاوان وقێزەونیە، لەسەد ساڵی ڕابردوودا، بەتایبەتیش لەدوای کودەتای چواردەی تەموزەوە، ئەوەی لەعێراقدا گۆڕانی بەسەردا ھاتووە سروشت وجەوھەرنیە، بەڵکوجۆر و فۆرمی کێشە و تاوان وجیاکاری و مەینەتیەکانە.

لەئێستاشدا عێراق بۆتە شانۆی وێناکردنی واقیعێکی دۆزەخی، گەلی عێراقیش ھاوشێوەی دۆزەخەکیانن، واتە نەئەوەتە عێراق ھەڵوەشێتەوەو لەم دۆخە ڕزگاربن، نەبەواتای وشەش ببێت بەدەوڵەت وبەسەر کێشەکانیدا زاڵ بێت و ژیان مانا ئاسمانی و ئەخلاقی ومەدەنیەکەی خۆی وەربگرێتەوە!

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی ئه‌بو به‌كر عه‌لی

سەرەتا