ئه‌بو به‌كر عه‌لی 24/06/2019 785 جار خوێنراوەتەوە

پەندەکانی دۆڕانی یەڵدرم و ئەکەپە


ئه‌بوبه‌كر كاروانی

سەرئه‌نجام هەڵبژاردنی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵ ئەنجام درا و یەڵدرم کاندیدی ئەکەپە بەشکسێکی زۆر گەورەتر لەجاری پێشوو دۆڕاندی. ئەم جیاوازیە گەورەی ئەمجارە لەنێوان ڕێژەی دەنگی یەڵدرم و پاڵوراوەکەی جەهەپە و دژبەرانی، ئازاری شکستەکەی بۆ ئاك پارتی و سەرۆکەکەی چەند قات کردەوە. بەبڕوای ئێمەش دۆڕاندنەکە چەندین وانە و پەندی بۆ ناو خۆ و دەرەوە و لەوانەش بۆ ئێمەی تێدایە لەوانەش:

١، گەل تاسەر کارتی سەرکەوتن بەهیچ پارت و هێزێ نابەخشێ، لەسایەی ئاستێکیش لە دیموکراسییدا چۆن پشتیوانی دەکات ئاواش سزای دەدات، ئەوەش حیکمەتی دیموکراسیە.
٢، هەڕاڵی و غروری سیاسی گەر هەندێ دەسکەوتی کاتیشی هەبێت بەتایبەتیش هەڕاڵی سەرۆك و سەرکردە دەبێتە هۆی شڵەژانی پرۆسەی دروستکردنی بڕیار و لەکۆتایشدا بەباجدانی گەورە بۆ ئەو لایەن و وڵاتە تەواو دەبێت.
٣، هێزێك تائەو کاتە بەهێزە، پاساوی بوون و بەهێزی لەبەرچاوی ڕای گشتییدا بەهێزبێت و پێچەوانەی فەلسەفەی بوونی و سەرچاوەی ڕەوایەتی سیاسی خۆی نەجوڵێتەوە. سەرچاوەی هێز و پاساوی بەهێزی ئاك پارتی: باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان، گەشەپێدانی ئابوری، چاکسازی سیاسی لەپێناو دیموکراسی و ئازادیەکی زۆرتر، چارەسەری کێشەی کورد و سفرکردنی کێشەکان و وەلانانی نەریتەکانی دەوڵەتی کەمالیستی لەچارەسەرکردنی کێشەکان بوو، کەبەداخەوە لە ئێستادا لە هەموو ئەو بوارانەدا پاشەکشەی کردووە.
٤، هەر حیزبێك ماوەیەکی بەرچاوی بەسەردا ڕۆیشت و بەتایبەتیش ئەگەر لەدەسەڵاتدابوو، بەتایبەتی تریش ئەگەر لەوڵاتێکدا بوو ئاستێکی ماقوڵ لەدیموکراسی تیدابوو، چاکسازیی نێو خۆیی نەکرد و خۆی نوێ نەکردەوە وردە وردە لەناوەوە بەرەو داهێزران و ناکارایی دەڕوات و لاوازی ڕووی تێدەکات، چ جای ئیرادەیەکی دەرەکیش هەبێت کار لەسەر لاوازکردنی بکات، هاوشێوەی تورکیا و ئەکەپە، کە زیاد لەدەوڵەتێك بەم ئاقارەدا ل ەهەوڵدان.
٥، هەرحیزبێك کەوتە پەراوێزخستنی ڕۆڵە بەتواناکانی و کوشتنی عەقڵەکانی، سەرۆکی حیزب لێیان بێ منەت بوو هێزێکی دامەزراوەیی ناوخۆش نەبوو ڕێی لێ بگرێت، سەرەنجام بەرەو کێشەی ناوخۆیی و دڵساردی بەشێ لە کادرو ئەندامەکانی دەچێت و حەماسەتی کارکردن تیایدا کەم دەبێتەوە و دەکەوێتە بەردەم ئایندەیەکی نادیارەوە. یەکێ لەکێشە کانی ئاك پارتییش ئەمەیە، جەنابی سەرۆك لە چەندەها کەسێتی گرنگی حیزبەکەی لە وێنەی گوڵ و داود ئۆغڵۆو بڵند ئەرنج بێ نیازە و گوێ بەڕا و پێشنارەکانیان نادات!!!
6، تا ئەم ساتە وەختە (چونکە دەبێت ماوەیەك چاوەڕێ بکرێت) دیموکراسی تورکی بەتایبەتیش لە پەیوەندی بەدەستکارینەکردنی دەنگی دەنگدەران و سندوقی هەڵبژاردن و ساختەنەکردنی ئیرادەی خەڵك، پەندێکی گەورەی تیایە بۆ هەموو ناوچەکە و هەرێمی کوردستانیش کەخەون بەوەوە دەبینین ڕۆژێ لە ڕۆژان دیمواسیەکەی لەم ڕوەوە بگات بەو ئاستەو هەڵبژاردن نەکرێت بەشانۆگەری و پۆز بە توانای ساختەکردنی دەنگ و ئیرادەی خەڵکەوە لێنەدرێت. دەستکاری نەکردنی سندوقەکان لەلایەن حکومەت و پارتی دەسەڵاتدارو و دەستێوەر نەدانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لەڕۆژی هەڵبژاردن و ڕاگەیاندنی بەرئه‌نجامەکان، ئاماژەیە بەبوونی ئەخلاقی سیاسی لەم ڕوەوە و سەبارەت بەم پرسە. هەر خودی ئەمە گەر تاسەر ڕێزی لێ بگیرێت، بە سەرکەوتنێکی ئەخلاقی بۆ پارتی دەسەڵاتدار لە قەڵەم دەدرێت.

ماوەتەوە بڵێین وەك چەندەها جاری تریش وتوومانە ئەکەپە لەساڵی ٢٠١٥ ە و دووچاری جۆرێ لە لادانی فیکری وسیاسی هاتووە، هاوپەیمانیشی لەگەڵ نەتەوە پەرستە تورکەکان ئاماژەیەکی ئەم لادانەیە، ئێستاش ئەوەی لەبەردەم ئەم پارتەدا ماوە ڕاستکردنەوەی لادان و هەڵەکان و خۆ نوێکردنەوە و ڕێزگرتن لە پەیامی گەل و گەڕانەوەیە بۆ ئەو بەهایانەی ئەکەپە یان مەزن کرد و پشتیوانی و خۆشەویستیی زۆرینەی گەلی بۆ مسۆگەر کرد، گەر بڕیاری دامەزراندنی ئەکەپەش لەبەرئەنجامی شکست و پاشەکشەی پارتی فەزیلە بووبێت لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەوا دەکرێت ئەم دۆڕان و پاشەکشە بکرێتە دەرفەتێ بۆدووبارە بیناکردنەوەی پارتەکەو ڕەخنە گرتنێکی جددی لە ئەدای سەرکردە و سەرکردایەتیەکەی، دەرگای هەڵسانەوەییەکێ لە دەرگا ستراتیژیەکانیش بەبڕوای ئێمە، ڕاستگۆبوون و تائەوسەر ڕۆیشتنە لەگەڵ چارەسەری کێشەی کوردا، چونکە ئەوەی ئەمجارە ئەکەپەی خست بەپێچەوانەی جارانی پێشوەوە دەنگی کوردبوو، ڕەنگە هاوپەیمانی مەهەپە ئیتر بارگرانی بێت بەسەر شانی حیزبەکەوە و گۆڕینی مامەڵە لەگەڵ کورد هەندێ لەپارسەنگەکان ڕاست بکاتەوە جگە لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی ئاماژەمان پێکردن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی ئه‌بو به‌كر عه‌لی

سەرەتا