عه‌لی باپیر 05/03/2023 163 جار خوێنراوەتەوە

یادی سی و دوو ساڵەی ڕاپەڕین و هەڵوەستەیەک

بەڕێزان، خەڵک و جەماوەری هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێم و ڕەوەندی هەندەران!

سی و دوو ساڵ لەمەوبەر لە: ٥/٣/١٩٩١ز داو لە شاری ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕینەوە، یەکەمین چەخماخەی بەرخۆدان و شۆڕشی جەماوەریی بریسکەی داو، دواتر زۆر بە خێرایی بەرەو سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان – باشووری کوردستان – پەرەی ستاند، هەتا تێکڕای تاوڵی ڕەشی ڕژێمی بەعسی سووتاند و، خەڵک و جەماوەی ژێر چەپۆک و ستەمدیدە و فززە لێبڕاوو تەنگەتاوکرا و، هەناسەی ئازادیی هەڵمژی و، لە قووڵایی دڵیەوە هەستی کرد کە لە وڵات و زێدی خۆیدا سەربەست و دەستکراوەیە، دواتریش لە ساڵی داهاتوودا – ١٩٩٢ز – هەڵبژاردن کراو، پاشان پەرلەمان و دواتریش کابینەی حکوومەت پێک هێنرا ...

بەڵام ئایا ئێستا ئەوەی خەڵک و جەماوەری کوردستان خەونیان پێوە دەدی و، بەتەمای بوون، چەندەی لێ هاتۆتەدی و چی لێهاتوە؟!

پێم وایە جگە لە کەسانێکی مشەخۆری دەوری حوکمڕانان، هیچ کەس لاموجیمیی لەوەدا ناکات، کە خەڵک بە گشتیی هەست بە ڕەنجەڕۆیی و دەستخەڕۆیی و نائومێدییەکی قووڵ و بە ئازار دەکات و، زۆرێک لەوانەش کە پێشمەرگایەتیی و خەبات و فیداکارییان کردوە، پەشێمانیی دەردەبڕن، وەک لە چەند کتێب و یادداشتنامەیەکی وەک: (ئەو ڕۆژانەی نیشتیمان هی هەمووان بوو)، (بەخەونی گەورەوە کەوتینە ڕێ)، (ئەزموون و یاد)دا دەردەکەوێ!

چونکە ئێستا – بەداخەوە – زۆر بە زەقیی و ڕەقیی، قۆرخکرانی نیشتیمان و خێروبێرەکانی بۆ چەند ماڵێک، دەبینرێ و، هەموو لایەکیش دەبینن پەرلەمان و حکوومەت چەندە فاشیل و بێ بڕست و بێ هەست و هەڵوێستن لە بەردەم وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی خەڵک و جەماوەر و، بەدەمەوەچوونی چارەسەری گرفت و کێشەکانی ژیان و گوزەرانی خەڵک و، دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان‌دا لە: ئاو و کارەبا و سووتەمەنیی و جێگا و ڕێگا و دەرمان و چارەسەر و...هتد!

بێگومان چارەسەری ڕیشەیی ئەم دۆخەش، ڕاستکردنەوەی جۆری بیرکردنەوەی حوکمڕانانی هەرێمەکەمانە، کە هەمیشە سوورن لەسەر ئەوەی نەخشە و دیزاین (تصمیم)ی بەڕێوەبردنی هەرێم بە جۆرێک بێ، بەرژەوەندییە ناشەرعییەکانی کەمینەیەکی ملیاردێر – بگرە چەند ماڵێک – لەسەر حیسابی خەڵک و جەماوەر، دابین بکات، بەبێ چاو بە ژیان و گوزەرانی تەنگ و تاڵی خەڵک‌دا گێڕان ‌و، سەر بەرزکردنەوە بەرەو ئاسمان و، بیرکردنەوە لە وەستان لەبەردەم دادگای خوای زاڵی دادگەردا!

هەروەها بە بێ دەرس و پەند وەرگرتن لە تێکڕای حوکمڕانە ستەمکار و خۆسەپێن و، هەموو شت بۆخۆ قۆرخکەرو، هیچ شتێک بە خەڵک ڕەوا نەبینەرەکان، مەگەر بە مەرجی دەستبەرداربوونی عەقڵ و ئیرادەیان و، ڕێشمەی زەبوونیی و کۆیلایەتیی لەمل کردن، کە سەرەنجامیان بریتی بووە لە فڕێدرانە زبڵدانی مێژووەوە، بە عەیبداریی لای خەڵک و دنیا و، گوناهباریی لای خواو قیامەت!

لە ڕابردووش‌دا بەندە زۆرم هۆشداریی دڵسۆزانە بە حوکمڕانانی هەرێم بەتایبەت و، خەڵک و جەماوەرەکەی بە گشتیی داوە و، هەندێک لە بەرهەم و نووسینەکانم تایبەت کردوون بەو بابەتەوە، وەک:

١- کوردستان بۆ وێران بوو و، چۆن ئاوەدان دەبێته‌وه‌؟ - 1989.
٢- چارەسەری کێشەی کورد لە نێوان ئیمان و پەرلەمان‌دا- 1992.
٣- ڕوانینێکی ئیسلامییانە بۆ واقیعی ئێستامان... گرفت و چاره‌سه‌ر -2016.
٤- قوڕئان و پاكسازيى و چاكسازيى له‌ هەرێمی کوردستان دا- 2018.

لەم ماوەیەش‌دا لە زۆر لاوە هۆشداریی بە حوکمڕانان دراوە، تەنانەت لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و، ئەمریکاشەوە، کە ئەم هەرێمە ناتوانێ بەمجۆرە بەردەوام بێ و، ئەگەر لادانەکانی حوکمڕانییە سەقەتەکەی ڕاست نەکرێنەوە و چارەسەر نەکرێن، بەرەو هەرەسهێنان مل دەنێ!

ناشزانم ئایا حوکمڕانە لە خواو خەڵک بێ خەبەرەکان، فریای ئەوە دەکەون هەرێم لە سەربەفەتارەت چوون بپارێزن، یان جارێکی دیکەش هەر سواری سەری خۆیان دەبن و، نیوە هەرێمە شەق و شڕەکەش، بە دەردی نیوە فەوتاو و دۆڕێنراوەکە دەبەن و، سەروەرییەکی دیکەی بۆش تۆمار دەکەن؟

بە دڵنیاییش بناغەی گۆڕانکاریی و پاکسازیی و چاکسازیی و ڕاستکردنەوەی ئەم دۆخەی هەرێم، خۆگۆڕینە: { إِنَّ اللَّهَ لَا يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّىٰ يُغَيِّرُوا مَا بِأَنْفُسِهِمْ ۗ } الرعد – ١١ -، خۆ گۆڕینییش زۆر شت دەگرێتەوە، بەڵام لێرەدا مەبەستم دوو شتی بنەڕەتییە:

یەکەم: دەرککردنی ئەو ڕاستییە کە ئەم وڵاتە خوا بۆ هەموومانی ڕەخساندوە و خێر و بێرەکەشی هی هەمووانە، نەک تەنیا هی چەند ماڵێک! وەک خوا فەرموویەتی: {خَلَقَ لَكُمْ مَا فِي الْأَرْضِ جَمِيعًا} البقرة -٢٩-، واتە: ئەوەی لە زەویدایە بۆ هەمووتانی دروستکردوە.
دووەم: دڵنیابوون لەو ڕاستییە کە سەرجەم کۆمەڵگه‌کان بەهۆی ستەمەوە ڕووخاون: { وَكَمْ قَصَمْنَا مِنْ قَرْيَةٍ كَانَتْ ظَالِمَةً } الأنبیاء – ١١ -، ستەم و گەندەڵیی و پۆخەڵیی هەرێمی کوردستانیش، یەکجار بێڕەزا و خەست و بێ تام بووە!

بە هیوای ئەوەی بەرلەوەی کار لە کار بترازێ، کاربەدەست و حوکمڕانانی هەرێم بوێرانە دان بەهەڵەی خۆیان‌دا بنێن و، جوامێرانە تەحەممولی بەرپرسیارێتیی بکەن و، کارێک نەکەن پەنجەی پەشێمانیی بگەزن و، کۆتایی بە عەیبداریی و شەرمەزاریی لای خەڵک و، گوناهباریی لای خوا بێنن و، بەر لە حیزب و خزم، خوا و خەڵک ببینن‌ و، لە قاوغ و قەپێلکی گچکە و تەسکی بەرژەوەندییە ناشەرعییە تایبەتییەکان بێنەدەرێ‌ و، بچنە نێو بازنەی فراوانی خواپەرستیی و خەڵک دۆستیی و، نەتەوە پەروەریی و نیشتیمان پەروەریی و، کارێک بکەن خوا لە خۆیان ڕازیی بکەن و، خەڵکەکەیان دڵخۆش و، وڵاتیشییان ئاوەدان بکەن.

عەلی باپـیر
١٢ى شه‌عبانى ١٤٤٤ک
٤/٣/٢٠٢٣ز








لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی عه‌لی باپیر

سەرەتا