عه‌لی باپیر 18/11/2023 337 جار خوێنراوەتەوە

حەوت دەرس و عیبرەت لە جەنگی نێوان زایۆنییەکان و مسوڵمانانی غەززەدا

ئەوەی لە ماوەی (٤٢) ڕۆژی ڕابردوودا لە نێوان قەوارەی داگیرکاری زایۆنیی و مسوڵمانانی موجاهیدی حەماس و بزووتنەوەی جیهاد لە کەرتی غەززەدا گوزەرا، پەند و عیبڕەتی زۆری جۆراوجۆری لێ وەردەگیرێن، بۆ وێنە:

١- شکانی تەلیسمی ئەفسانەیی (سوپای لە شکان نەهاتوو)ی قەوارەی زایۆنیی، کە دەوڵەتانی فشۆڵی عەڕەبیی ساڵانێکی زۆربوو بەند و بالۆرەیان پێدا دەگوت، بەڵام دەرکەوت لە هەمبانەی خۆیاندا گوێزیان ژماردوون!

٢- دەرکەوتنی ڕۆڵ و کاریگەریی موعجیزە ئاسای ئیمان و عەقیدەی ئیسلامیی کە کۆمەڵە مسوڵمانێکی فیداکار، هێزێکی وەك قەوارەی زایۆنیی و لە پشتیشیەوە زلهێزانی وەك ئەمریکا و ئەوڕووپایان بە چۆکدا هێناون!

٣- ئابڕوو چوونی قەوارەی زایۆنیی و پەردە لەسەر هەڵماڵرانی دڕندایەتیی و دژی مرۆڤبوونەکەی و، تۆڵەکردنەوەی لووت شکێنرانی لەلایەن موجاهیدانەوە، لە ژن و منداڵ و پیر و نەخۆش و خەڵکی سیڤیل!

٤- بە زەقیی کەوتنە ژێر نیشانەی پرسیاری دەوڵەتان و بەرپرس و حوکمڕانانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا و، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانیان کە یان هاوکاری قەوارەی زایۆنیین، یان لە بەرانبەریدا بێدەنگ و هیچ کارەن!

٥- دەرکەوتنی فشۆڵیی و بێ جەوهەریی دەوڵەتۆکە عەڕەبییەکان و بڵحیی و ناجوامێریی و دەستەپاچەیی سەرۆک و بەرپرسەکانیان، کە نەک هەر چەک و عەتاد، بگرە ناتوانن ئاو و خۆراک و دەرمان و پۆشاکیش بۆ غەززەییەکان بنێرن!

٦- بێ سومعە و ئیعتیبار بوون و کەڕامەت و ڕێز شکانی سەرجەم ئەو بەناو زانا و بە ڕواڵەت پێشەوایانەی، بوونە دەهۆڵ کوت و زوڕناژەنی ئەو حوکمڕانە بنەماڵەیی و میراتییە خۆسەپێن و بوودەڵانەی ناویان لێناون کاروبار بەدەست (ولاة الأمور) لە حاڵێکدا هەموویان گوێ لە مستی زلهێزانن و، جگە لە ماستاو کردن بۆ دوژمنانی ئیسلام شتێکی دیکە نازانن.

٧- ویژدان و زیندوویێتیی و مرۆڤدۆستیی خەڵکێکی زۆری ئەوڕووپا و ئەمریکا، کە چەندان خۆپێشاندانی جەماوەریی فراوانیان کردوون، بۆ پشتگیریی مسوڵمانانی فەڵەستین و دژایەتیی قەوارەی زایۆنیی.
لە کۆتاییشدا دەڵێم:

هیوادارم هەموو ئەوانەی بە هەر هۆکارێکەوە بێ تووشی تێڕوانین و هەڵوێستێکی پووچەڵ و ناشەرعیی و ناقۆڵاکەر بوون لە مەڕ مسوڵمانانی غەززەیی و جوولەکە زایۆنیستەکان، بۆ ئەوەی زیاتر عەیبدار و گوناهبار نەبن، هەرچی زووترە خۆیان ڕاست بکەنەوە و، با چیدیکە لە سەنگەری زایۆنییە داگیرکەرەکانەوە، تەقە لە مسوڵمانە فەڵەستینییە مەزڵوومەکان نەکەن و بەناهەق توانج و پلاریان تێنەگرن.

خوای باڵا دەست و میهرەبانیش پشتیوان بێ، سەرکەوتن و سەربەرزیی بۆ مسوڵمانانی فەڵەستینەو، جوولەکە زایۆنییەکان تێکشکاو و سەرشۆڕن و، قەوارەکەشیان کە لەسەر ستەم و داگیرکاریی بنیاتنراوە، قرپۆک و فشۆڵە و چەند ساڵێکی کەمی ماون، سەری بە فەتارەت دەچێ و، فەڵەستینییە ئاوارەو چەوساوەکان ئازادانە بە نیشتیمانی خۆیان شاد دەبنەوە، خوای دادگەر فەرموویەتی: (... وَكَانَ حَقًّا عَلَيْنَا نَصْرُ الْمُؤْمِنِينَ) -٤٧- الروم.

عەلی باپیر
١٨ /١١/ ٢٠٢٣ ز
٤ی جمادي الأول ١٤٤٥ک

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی عه‌لی باپیر

سەرەتا