عهلی باپیر
31/03/2020
627 جار خوێنراوەتەوە
دوازده ههڵوهسته لهم دۆخه كۆڕۆناوییهدا
مامۆستا عهلی باپیر ئهمیری كۆمهڵی ئیسلامیی كوردستان له دووبهشی جیادا سووده مهعنهوییهكانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا له (12) خاڵدا دهخاتهڕوو، كه ئهمهی خوارهوه بهشی یهكهی بابهتهكهیه:
بهشی یهكهم - 1-7
بسم الله الرحمن الرحیم
دوازده ههڵوهسته لهم دۆخه كۆڕۆناوییهدا
بهشی یهكهم
1-7
بەڕێزان!
لەو نۆزدە (19) خاڵەدا کە لە ڕۆژانی: (١٠و ١٣-٣-٢٠٢٠)دا بڵاومان کردنەوە، ئەوەی پێویست بوو لەبارەی خۆپارێزیی و مامەڵەی ڕاست و درووستەوە، لەگەڵ پەتای کۆڕۆنادا، باسمان کردو لە خاڵی (شازدە)دا نووسیبومان:
(خۆزگە ئەو حاڵەتە نا ئاساییەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆی ڕەخساندووین، وەک هەلێک قۆزتبامانهوە بۆ زیاتر بۆ لای خوا گەڕانەوە “بە پابەندیی چاکتر بە بەرنامەکەیەوە” کە بێگومان هەرکەس وابکات، لە جیاتی زەرەرمەند بوون، لە کۆڕۆنا بەهرەمەند دەبێ…)
ئنجا لەم نووسینەدا دوازده (12) ههڵوهستهی پێویست بهرانبهر بهو دۆخهی کە پەتای کۆڕۆنا ڕەخساندوویەتی، دهخهمهڕوو:
1- بەپێی بووناسیی (antology)و ئیمان و عەقیدەی ئیسلامیی، خوای کاربەجێ هیچ شتێکی بێ حیکمەت نیە، نەک هەر لەسەر زەوی و لە ژیانی بەشەردا، بەڵکو لەسەر تا خواری گەردووندا.
ئنجا ئەم پەتایەش لەم ئان و سات و قۆناغەی ئێستای ژیانی بەشەردا، بێ حیکمەت نیە، بۆیە پێویستە بەردەوام ڕامان و هەڵوەستەی باشی لە بەردەمدا بکەین و پەندی لێوەربگرین، چونکە خوای بەرزو مەزن، هەموو شتێکی بە ئامانج و ئەندازە دروستکردوە، وەک فەرموویەتی: (إِنَّا كُلَّ شَيْءٍ خَلَقْنَاهُ بِقَدَرٍ) القمر -٤۹-، واته: ئێمه ههموو شتێكمان بهئهندازهگیریی دروستكردوه.
پەیبردن بەم ڕاستییەش بەهرەو سوودێکی گهورهی مەعنەوییە لەم دۆخەی وەربگرین کە (کۆرۆنا) ڕەخساندوویەتی و، زانینی ئەم ڕاستییە کلیلی کردنەوەی دەرگای گەلێک ڕاستییانە، بۆیەش لە ڕیزبەندییدا پێشمان خست.
2- بەڵاو مهینهتییهكانی مرۆڤ، زادەو دەرهاویشتەی هەڵەولادان و تاوانەکاننی، ئەمە ڕاستییەکە وێڕای عەقڵ و ئەزموونی مرۆڤ، ژمارەیەک لە ئایەتەکانی قوڕئانیش دەیگەیەنن، بۆ وێنە:
أ- (وَمَا أَصَابَكُم مِّن مُّصِيبَةٍ فَبِمَا كَسَبَتْ أَيْدِيكُمْ وَيَعْفُو عَن كَثِيرٍ) شوری -۳۰-، واتە: هەر بەڵایەکتان تووش بێ، بەهۆی کردەوەی دەستی خۆتانەوەیەو، خوا لە زۆریش دەبوورێ.
ب- (ظَهَرَ الْفَسَادُ فِي الْبَرِّ وَالْبَحْرِ بِمَا كَسَبَتْ أَيْدِي النَّاسِ لِيُذِيقَهُم بَعْضَ الَّذِي عَمِلُوا لَعَلَّهُمْ يَرْجِعُونَ) الروم -٤۱-، واتە: خراپەو تێکچوون لە وشکانیی و دەریادا دەرکەوت، بههۆی كردهی دهستی خهڵكهوه، کە سەرەنجام خوا بەشێک لە سزای کردەوەکانیان پێ بچێژێ، بەڵکو بگەڕێنەوە.
ڤایرۆسی ئەو پەتا نەگریسەی کۆڕۆناش، زۆر بیستراوە کە لە جڕو جانەوەری پیسەوە پەڕیوەتە مرۆڤان، بەتایبەت لە ژیاندارو زیندەوەرە پیسەکانی وەک: (سیسرکەو، قالۆنچەو، مشک و، مارو، چهكچهكیلهو، سەگ و، پشیلەو، هتد…) ئنجا لێرەشدا حیکمەت و نهێنێ فەرمایشتی خوای میهرەبانمان بۆ دەردەکەوێ کە لە وەسفی پێغەمبەری کۆتایی (موحەممەد)دا فەرموویەتی: (…وَيُحِلُّ لَهُمُ الطَّيِّبَاتِ وَيُحَرِّمُ عَلَيْهِمُ الْخَبَائِثَ…) الأعراف -۱٥۷-، واتە: هەرچی پاک و چاک و سوود بەخشە بۆیان ڕەوا دەکات و، هەرچی پیس و خراپ و زیانبەخشیشە لێیان قەدەغە دەکات.
3- درەوشانەوەی ئەو ڕاستییە کە (دنیا شاری بێ خاوەن نیە) مرۆڤ “هەرچەندە خوا بە جێنشینی خۆی لەسەر زەوی دایناوەو، ڕێزی لێگرتوەو، بۆ هەڵگرتنی سپاردە (أمانة)ٚکەی لە نێو گەردووندا هەڵیبژاردوە”، بەڵام بەندەی خوایە نەک هەمەکارەی دنیاو، لە بەردەم دروستکراوێکی وردیلەی بەچاوی ڕووت نەبینراوی وەک: (کۆڤید-۱۹)دا دەستەو ئەژنۆ دادەمێنێ و، جگە لە خۆحەشاردان و سنووری وڵات و، دەروازەی شارو گەڕەک و، دەرگای ماڵ لەخۆداخستن، هیچی پێ نامێنێ!
بۆیە پێویستە مرۆڤایەتی بە گشتيی و زلهێزان و حوکمڕانەکان بە گەورەو گچکەو ئەسڵی و عادییەوە، بهتایبهتی، هۆشیار ببنەوەو بێنەوە سەر خۆیان و، وازبێنن لە بوغڕایی و خۆ پێ هەمووشتبوون، بەهۆی هێزو دەستەڵاتی سیاسیی و ئابووریی و سەربازیی و تەکنۆلۆژیاوە، کە هەوێنی خواناسیی و ئیمان و بەها بەرزەکانی تێدا نیە، بۆیە ژیانی مرۆڤیان بەگشتيی و هی هەژارانیان بهتایبهتی پڕکردوە لە ئازارو مەینەتیی و ژان و ناسۆر.
4- وەهۆش خۆ هاتنەوەی زۆر عەقڵی لەکارکەوتوو، یان خەوتوو و، پاکبوونەوەی گەلێک دڵی ژەنگگرتوو و، زیندووبوونەوەی گەلێک دەروونی مردوو، بەهۆی دەرککردنی ژمارەیەک ڕاستیی ڕاچڵەکێن و ویژدان هەژێنهوه، کە یەکیان مردنی ههزاران كهسهو، یهكیشیان ئەو زیانە ئابوورییە زەبەلاحەیە، کە ڕەنگە لە مێژووی هاوچەرخدا وێنەی دەگمەن بووبێ یان نەبووبێ و، جارێش ماویەتی!
بۆنموونە: دۆناڵد تڕەمپ له: (28/3/2020) گوتی: ئەو بودجەیەی ئێستا بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆڕۆنا تەرخانی دەکەین، کە ئەگەری هەیە بگاتە شەش تریلیۆن دۆلار، زەبەلاحترین بودجەیە لە مێژووی ئەمریکادا!
5- تا ڕاددەیەک و بۆ ماوەیەک پاک و خاوێنبوونەوەی ژینگە (بیئة)و، كه به هەرسێک بەشی هەواو ئاو و زەمینەوە، زۆر پیس و پۆخڵ کراوەو، لە ئەنجامدا چەندان جۆری ژیانداران: ئاژەڵ و پەلەوەر و ژیاندارە ئاوییەکان، فەوتێنراون و دژی فەرمایشتی خوا ڕهفتار كراوه، كه فهرموویهتی: (وَلَا تُفْسِدُوا فِي الْأَرْضِ بَعْدَ إِصْلَاحِهَا) الاعراف -85,56-، واتە: دوای ئەوەی زەوی بە باشی درووستکراوە، خراپەو تێکدانی تێدا مەکەن.
ئاشکراشە هۆکاری سەرەکیی پیسبوونی ژینگە، کە یەکێک لە شوێنەوارە شوومەکانی، تێکچوونی هاوسەنگیی ژینگەیی (التوازن البیئي)یە، کە بە زەقتریین شێوەی له کونبوونی چینە هەوای ئۆزۆن و توانەوەی بەستەڵەکەکاندا بەرجەستەیە، بریتیە لە دووکەڵ و زبڵ و زاڵ و پاشماوەکانی کارگەکانی دروستکردنی چەک، بەتایبەت چەکە قورسەکان، کە تاکە ئامانجیش لێیان قڕکردنی بەشەرە، بە تایبەت گەل و کۆمەڵگا چەوسێنراوەکانی وەک نەتەوەی کوردو خەڵکی فەڵەستین، لهم ڕۆژگارهدا.
6- زیاتر درەوشانەوەی هەندێک لە یاساو ڕێنماییەکانی ئیسلام لە بواری تەندروستیی و پاراستنی سەلامهتیی مرۆڤەکانداو، پتر ئاشنابوون بە پێغەمبەری کۆتایی موحەممەد “صلی الله علیە وسلم”و ڕێبازەکەی و فەرمایشتە بەپێزەکانی، کە لە سۆنگەی ئەوەوە لەبەر تیشکی وەحیيدا فهرموونی، پەردەی کات و شوێن (حجاب الزمان و المکان) دەدڕن و، هەرگیز کۆنییان بەسەر نایەت و، وەک بۆ ئەم ڕۆژگارە دوابێ وایە، هەڵبەتە پێغەمبەرێکیش بۆ تێکڕای مرۆڤایەتیی نێردرابێ، بە درێژایی زەمان و بهپانایی زەمین، هەردەبێ وابێ.
7- زیاتر زانینی قەدرو بەهای ماڵەکانی خوا، مزگەوتەکان، چ نیعمەتێکی گەورەو گرانە! کە هەمیشە دەرگاکانی ماڵی خوا لەسەر پشتن، بۆ پێشوازییکردن لە میوانەکانی خوای بەخشەرو میهرەبان، تاکو لەو ماڵە موباڕەکانەدا عەقڵ و مێشکیان زاخاو بێتەوەو، دڵ و دەروونیان زیاتر پاک و ساغ و نوورانی و پڕپیت و پێز بێت.
كهواته: با ماوهیهك میوانانی ماڵی خوا چاوهڕێ بن، تاكو ههرچی زیاتر شهیداو تامهزرۆی دیداری ئهو شوێنه پڕ نوورو بهرهكهتانهبن و، هۆشیارو بێداربن و، بزانن چۆن دهچنه ئهو شوێنه موباڕهكانهو بۆچی دهچن!
عـەلـی باپــیـر
7/شهعبانی/1441كـ
31/3/2020ز
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی عهلی باپیر